ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەردۆگان بەبۆنەی ٢١ی ئادار، كە رۆژی دارستانە لە توركیا، لە ناوەندی کۆنگرە و ڕۆشنبیری بێشتەپە لە شاری ئەنقەرە لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە پەکەکە لە عێراق دەستی بە جموجۆڵ کردووە.
ئەردۆگان سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند کە پەکەکە لە عێراق دەستی بە جموجۆڵ کردووە، ئەگەر حكوومەتی بەغدا، پەکەکە لە شنگال لەناو نەبات، ئەوا خۆمان پەکەکە لەو شوێنە لەناو دەبەین.
ئەردۆگان لەبارەی داگیركردنی شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستانەوە گوتی "ناوەندی شارۆچکەی عەفرین کۆنترۆڵ کرا. بەخێرایی دەستمان بە چاککردنەوەی خوێندنگەکانی کرد. ھەموو نەخۆشخانەکانیش چاک دەکەینەوە. بەڕێوەبردنی ئەوێ لەژێر کۆنترۆڵی خۆماندا دەبێت و ساتێک زووتر کەشێکی ئارامی بۆ دەستەبەر دەکەین".
سەرکۆماری تورکیا، باسی لە ناردنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سنووری سووریا-تورکیا کرد و گوتی "٩١١ کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ سووریا ھەیە، ٣٥٠ کیلۆمەتریش سنوورمان لەگەڵ عێراق ھەیە. بۆچی ئەو چەکانە بۆ ئێرە دەھێنن؟ کەواتە لەودیو ئەو سنوورە تورکیا ھەیە و دەبێت ئەو چەکانە دژی تورکیا یان ئێران بەکاربھێنێ. مەبەستێکی دیکەی نییە. ناتوانێت لەگەڵ رووسیا بچێتە کارێکی لەو جۆرەوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە