پەیامی کورد... نوێنەری سەرۆک بارزانی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان دەربڕی
زاگرۆس فەتاح ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و نوێنەری سەرۆک بارزانی، لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی ئەندامانی ئەو خێزانەی لە سلێمانی لە رووداوی تەقینەوەی خانووەکەیاندا بەهۆی لێچوونی غازەوە رایگەیاند "سەرۆک بارزانی هاوسۆز و هاوخەم و بە پەرۆشە بۆ رووداوەکەی سلێمانی و ئەمە پرسەی هەموو خەڵکی کوردستانە".
لە سلێمانی ئەمڕۆ رێورەسمی بەخاکسپاردنی ئەندامانی ئەو خێزانە بەڕێوەدەچێت کە شەوی پێنجشەممەی رابردوو، بەهۆی لێچوونی غازەوە خانوویەک تەقییەوە و 15 کەس کە لە خانووەکەدا بوون گیانیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش برینداربوون.
زاگرۆس فەتاح کە بەنوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی بەشداری رێوڕەسمەکەی کرد، لە گوتەیەکیدا رایگەیاند "لە سەرەتای رووداوەکەوە، سەرۆک بارزانی پێی راگەیاندین کە بچینە شوێنی رووداوەکە و سەردانی ئەو کەسانە بکەین کە زیانیان بەرکەوتوو، سەرۆک بارزانی هاوسۆز و هاوخەم و بە پەرۆشە بۆ رووداوەکە".
ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەم رووداوە تەنها پرسەی سلێمانی نییە، بەڵکو پرسەی هەموو کوردستانە.
ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، خزم و کەسوکاری یەکترن و بۆ بۆنەیەکی خێزانی لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی کۆببوونەوە، ئەو کەسانەش کە گیانیان لەدەستداوە بریتین لە (چیمەن قادر عەزیز، بەهار قادر عەزیز، چیا مەزهەر عەبدولڕەحمان، رۆژان ئەنوەر سەلیم، محەمەد عەبدوڵا جەمیل، ژیلیا عەبدوڵا جەمیل، دانیار بەختیار قادر، داركۆ بەختیار قادر، زەند بەختیار قادر، میر بەهادین مەزهەر، لیا بەهمەن مەزهەر، باكۆ دانا عەلی، یانۆ دانا عەلی، ئارش فاتح محێدین، حسێن گۆڵكار).
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە