پەیامی کورد... رووسیا دەستی بەسەر بەشێك لەشاری باخمووتدا گرت
دامەزرێنەری گرووپی چەكداری ڤاگنەری ڕووسی ڕایدەگەیەنێت بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری باخمووت لە ڕۆژهەڵاتی هەرێمی دۆنێتسك لەئۆكراینا دەستی بەسەرداگیرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە دامەزرێنەری گرووپی چەكداری ڤاگنەری ڕووسی یەڤگینی بریگۆژین لە تۆمارێكی دەنگیدا ڕایگەیاند: یەكە سەربازییەكانی كۆمپانیای سەربازی ڤاگنەری ڕووسی بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری باخمووتیان گرت.
ئەوەشی خستەڕوو: هەموو شتێك لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری باخمووتكا لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ڤاگنەردایە.
ڕوونیشی كردەوە: 12 بۆ 20 سەربازی ئۆكراینی لە ماوەی شەڕەكانی چەند كاتژمێری ڕابردوودا كوژراون، لەوێ شەڕێكی زۆر قوورس ڕوویداوە.
لای خۆشیەوە ئاژانسی فڕانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەكی سووپای ئۆكراینەوە ڕایدەگەیەنێت: هێزەكانی ئۆكراین لە باخمووت بە گرووپی بچووك بچووك كشاونەتەوە.
سەربازێكی ئۆكراینیش ئاماژە بەوەدەكات: شاری باخمووت دەكەوێتە دەستی ڕووسییەكان، یەكەكانی ئۆكراین بە گرووپی بچووك پاشەكشە دەكەن و تاكە ڕێگای دەربازبوون ڕێگای شاری چاسیڤیارە، ئەویش ئامانجی تۆپخانەكانی ڕووسیایە.
وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگی شوەیگۆ لە كۆبوونەوەی فەرماندە سەربازییەكانی ڕووسیادا باسی لە گرینگی گرتنی شاری باخمووت كرد و وتی: ئەوە دەتوانێت پشتیوانی بۆ پێشڕەوی بەرەو قوڵایی ئۆكراین دابینبكات”.
باسی لەوەش كرد: باخمووت نێوەندێكی گرینگی بەرگری ئۆكراینە لە دۆنباس، ئێستا لە هەوڵی گرتنیداین.
شایەنی باسە باخمووت شارێكی ستراتیژیی هەڵكەوتووە لە باكووری خۆرهەڵاتی هەرێمی دۆنێتسكی ئۆكراین، تا ئێستا لە ژێر دەستی هێزەكانی ئۆكراینە، بەڵام لەلایەن هێزەكانی ڕووسیا ماوەیەكە گەمارۆ دراوە و ئەمڕۆش بەشی ڕۆژهەڵاتی دەستی بەسەرداگیرا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە