PeyamaKurd - سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە
سێشەممە 6/16 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی باڵیۆز تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کرد
لە کۆبوونەوەکەدا ، کە جۆشوا هاریس هەڵسورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ژەنەراڵ کێڤن لامبێرت فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوون، دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپات کردەوە و جەختی لە گرینگی بەهێزترکردنی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
باڵیۆز تۆم بەڕاک ، وێڕای ستایش کردنی کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی هەرێمی کوردستان ، ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک ترامپ ڕێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوددستان و سەرکردایەتی سەرۆک مەسعوود بارزانی هەیە .
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی بازرگانی لە نێوان ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان و چالاکی و بەشداری زیاتری کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بواری ووزەدا.
هەردوولا جەختیان لە پێویستی پشتیوانی کردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کردەوە لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری و خزمەت کردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بە یەکسانی و بێ جیاوازی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور.
هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرینگی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و کۆتایی هێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیکترین کات دا.
16 حوزەیران 2026