رێگری له‌ کریستیانەکان دەکرێت جەژنی قیامە زیندوو بکەنەوە

رێگری له‌ کریستیانەکان دەکرێت جەژنی قیامە زیندوو بکەنەوە

ئەمڕۆ کریستیانەکان و باوەڕدارانی عیسای مەسیح بەبۆنەی جەژنی قیامەوە لەسەرتاسەری جیھان رێوڕەسم ئەنجامدەدەن و نوێنەرێکی کریستیانەکانیش دەڵێ، لە دەشتی نەینەوا رێگری دەکرێت لە کریستیانەکان و ناتوانن وەک پێویست جەژن زیندوو بکەنەوە.

 

وەحیدە یاقوو، نوێنەری کریستیانەکان لەپەرلەمانی کوردستان، راگەیاند، "ئەمڕۆ کریستیانەکانی جیھان و کوردستان چەندین رێوڕەسم بەبۆنەی جەژنی قیامە و سەری ساڵی ئەکیدۆ ئەنجامدەدەن و ساڵانە بەبۆنەی جەژنی قیامەوە کریستیانەکانی ھەرێمی کوردستان ئەو جەژنە زیندوو ڕادەگرن، بەڵام بەھۆی ئه‌و کارەساتەی داعش بەسەر گەلانی ئێمەیدا ھێنان لەچەند جەژنی رابردوو یان جەژن نەکراوە یانیش رێگری ھەبووە لەچەندین ناوچەی عێراق، تەنیا لە ھەرێمی کوردستان دەتوانین بە ئازادی بەشداری بکەین.

وەحید یاقوو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد" لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا تەنھا لە ئەلقۆش و تلسقۆف کریستیانەکان بەشداری رێورەسمی جەژنی قیامە دەگێڕن، ئەویش بەھۆی پاراستنیان لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە.

یاقوو گوتیشی، "لە ناوچەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا لەلایەن ھێزەکانی حەشدی شەعبیەوە رێگری دەکرێت لەوەی کریستیانەکان جەژن وەک خۆی بگێڕن و ئاستەنگی زۆر ھەیە لە ھەمبەریان، لەبەر ئەوە کریستیانەکان بێبەشدەکرێن لەو مافە ئاینی و یاسایەی ھەیانە، بەداخەوەین  کە گەلانی ئێمە جەژنیشیان لێ قەدەغەکراوە و ناتوانن بە ئازادی و وەک پێویست ئەرکە ئاینیەکانیان جێبەجێ بکەن.

ساڵانە لەسەر تاسەری جیھان کریستیانەکان جەژنی قیامە زیندوو دەکەنەوە و بەپێی باوەڕی کریستیانەکان، جەژنی قیامە لەوەوە ھاتووە کاتێک یەھودەکان (عیسای مەسیحیان) لە دار داوە رۆژی سێیەم رۆحی عیسا بەرەو ئاسمان گەڕاوەتەوە، وەک کریستیانەکان ئاماژەی بۆ دەکەن و ھەموو ساڵێک بەو بۆنەوە جەژن دەگێڕن و ناو نراوە جەژنی قیامە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە