بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاو کراونەتەوە، ڕۆژی ١٨ی ئۆگۆستی ٢٠١٨ ، ٥ کەس لە بەندکراوانی بەندیخانەی سنە بە شێوەی ڕێکخراو و هاوئاهەنگ بە خواردنی حەب و هەڵواسینی پەت دەستیان دایە خۆکوژی.
ئەم ٥ زیندانییە کە لەبەندەکانی ٣ و ٦ی بەندیخانەی سنە دەستبەسەر بوون بە خواردنی حەب و هەڵواسینی پەتی سێدارە دەستیان دایە خۆکوژی و یەکێک لە زیندانییەکان بە ناوی " ئێقباڵ خوسرەوی " ٣٦ ساڵ تەمەن لە بەندی ٦ بە هۆی خواردنی حەب تووشی جەڵتەی دڵ هات و گیانی لە دەستدا.
وا دەگۆترێت ئەم کەسە بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان لە زیندان بوو و سزای ٨ ساڵ زیندانی بەسەردا داسەپابوو.
٤ کەسەکەی دیکەش کە دەستیان دابووە خۆکوژی، لە مەرگ گەڕانەوەو ٣ کەسیان لە بنکەی تەندروستی بەندیخانە دەرمان کران و یەکێکیشیان گەیندرایە نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانەکە.
سەرچاوەیەک لە ناو بەندیخانە کە باس لەوە دەکات دادوەر و بەرپرسی زیندان و پاسەوانەکانی زیندان ڕەفتاریان لەگەڵ بەندکراوەکان و بنەماڵەکانیان زۆر خراپ بووە.
بەندیخانەی سنە یەکێکە لەو بەندیخانانەی ئێران کە دۆخێکی زۆر خراپی هەیە و زیندانییەکان لە خراپترین دۆخدا دەژین و لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە سووکایەتی بە خۆیان و بنەماڵەکانیان دەکرێت لە کاتی سەردان کردنیان .
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە