سەدر بۆ هەموو لایەنەکان: دەبێت لەناو عێراقەوەوە بڕیار بدەن

سەدر بۆ هەموو لایەنەکان: دەبێت لەناو عێراقەوەوە بڕیار بدەن

دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لە ئەنجامی کۆتایی ههەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، موقتەدا سەدری براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێستا کۆبووەوە.

 

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز کۆبوونەوەکە ڕونترین ئاماژەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییە لە نێوان عەبادی و سەدر، هەر دوابەدوای کۆبوونەوەکە عەبادی ڕایگەیاند "پێکەوە لەگەڵ بەڕێز سەماحەتی سەدر و کوتلەکانی تریش کاردەکەین بۆ ئەوەی بەخێرایی حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت".

وتیشی "پێویستە حکومەتێکی بەهێز بێت و بتوانێت خزمەتگوزاری و ئاسایش و بەرەوپێشچوونی ئابوری بۆ هاوڵاتیانی فەراهەم بکات".

هەواڵەکەی ڕۆیتەرز بە م جۆرە وەسفی سەدر دەکات "سەدر دوژمنی لەمێژینەی ئەمریکییەکانە و دژایەتی هەیمەنەی ئێرانیش دەکات لە عێراق بەڵام نابێت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق چونکە خۆی ناپاڵێوێت".

بەڵام بردنەوەی کوتلەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا پێگەی سەدر بەهێز دەکات، کوتلەی (سائیرون) کە سەدر سەرۆکایەتی دەکات 54 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا کە 12 کورسی لە هاوپەیمانی (نەسر)ی عەبادی زیاترە.

سەدر لە کۆنگرە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ عەبادی وتی "دەرگامان بەڕووی هەمواندا کراوەیە ئەگەر مەبەستیان بێت نیشتیمان بنیاتبنێن و لەناو عێراقەوەوە بڕیار بدەن".

بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمان، دڵنیایی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران نادات بە سەدر.

پێویستە لایەنەکان کوتلەیەکی گەورە دروستبکەن کە زۆرینەی پەرلەمانی تێپەڕێنێت و کاندیدێک پێشکەشبکەن. دواتر دەبێت لەماوەی 90 ڕۆژدا حکومەت پێکبهێندرێت. گەرنا پێکهێنانی حکومەتی عراق وەک هەمیشە بۆ چەند مانگێک درێژە دەکێشێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە