ساڵانە ٢ هەزار و ٥٠٠ پەرستار لە ئێران کۆچ دەکەن

ساڵانە ٢ هەزار و ٥٠٠ پەرستار لە ئێران کۆچ دەکەن

پەیامی کورد...ساڵانە ٢ هەزار و ٥٠٠ پەرستار لە ئێران کۆچ دەکەن

بەڕێوەبەری گشتیی خانەی پەرستاریی ئێران بە ئاماژەدان بە کۆچی ساڵانەی ٢ هەزار و ٥٠٠ پەرستار لە ئێران، وتی: لە کاتێکدا ئێمە ١٠٠ هەزار پەرستاری بێکارمان هەیە، لەگەڵ کەمیی ١٠٠ هەزار پەرستاریش بەرەوڕووین، بەڵام بودجەی دامەزراندنی ئەو پەرستارانە و بودجەی دابینکردنی پێداویستییەکانی پەرستارانی ئێرانمان نییە.

محەممەد شەریفی موقەدەم، بەڕێوەبەری گشتیی خانەی پەرستاریی ئێران بە ئاماژەدان بە کۆچی ژمارەیەکی زۆر لە پەرستاران بۆ دەرەوەی وڵات، زیادی کرد: مووچەی پەرستاران لەو وڵاتانەی کە پەرستاران ڕووی تێ دەکەن، لانیکەم چوار هەزار دۆلارە، لە کاتێکدا لە ئێران نزیکەی ٣٠٠ دۆلار پارە بە پەرستاران دەدەن.

ناوبراو پێشتر وتبووی: بەپێی ئەو ستانداردەی لە جیهاندا هەیە، بە شێوەی نێونجی بۆ هەر هەزار کەس ٥ تا ٦ پەرستار پێویستە و لە کەمترین حاڵەتیشدا لانیکەم ٣ پەرستار پێویستە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئێران بە پێی دوایین زانیارییەکان، بۆ هەر هەزار کەس ١.٦ پەرستار هەیە کە ئەو ڕێژەیە لە لانیکەمیش کەمترە.

بەپێی ڕاپرسییەکی ئەم دواییانەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆچبەری لە ئێران، ناسەقامگیربوونی ئابووریی ئێران، بێهیوایی لە داهاتوو، هیوای ژیانێکی باشتر لە دەرەوەی وڵات، دۆخی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان، کوالێتی ژیانی باشتر لە دەرەوەی وڵات، دابەزینی بەهای دراوی ئێران بەرامبەر بە دراوە نێودەوڵەتییەکان، کەمیی داهات و ئەگەری ژیانی بەختەوەرانە، لە هۆکارە گرینگەکانی کۆچکردن لە ئێران دێنە ئەژمار.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە