پەیامی کورد ... سەركردەیەكی هێزەكانی ئەمریكا سەردانی سووریا دەکات
سوپای ئەمریكا ڕادەگەینێت سەركردەیەكی هێزەكانی ئەمریكا سەردانی سوریای كردووە و لەوێ چووەتە كەمپی هۆل و كەمپی ڕۆژ لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ناوەندی فەرماندەیی لەشكری ئەمریكا (CENTCOM) دەڵێت لە 21 ی مانگی هەشت ژەنەڕاڵ مایكڵ كوریلا ناسراو بە ئێرك ئەو گەشتەی ئەنجام داوە.
هەروەها دەشڵێت سەردانەكەی ئەو كەمپانە بە مەبەستی كۆبوونەوە بووە لەگەڵ بەڕێوبەرانی كەمپەكان و دانیشتوانیش " تا لە نزیكەوە هەڵسەنگاندن بكرێت بۆ بارودۆخی مرۆیی ئێستای كەمپەكان، باشتركردنی بەردەوامی ئاسایشی كەمپەكان و گێڕانەوەی خەڵكەكە بۆ ووڵاتی خۆیان و هاتنەوە سەرخۆ و هەوڵەكانی تێكەڵ كردنەوەیان بە كۆمەڵگە بۆ ئەوەی بیانگەڕێننەوە بۆ ووڵاتی خۆیان."
ژەنەڕاڵ كوریلا ووتی "هەوڵە بەردەوامە فرەنەتەوەییەكانمان بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتوانی كەمپەكان بۆ ووڵاتانی خۆیان نەك تەنها ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە باشتردەكات، بەڵكوو لەوەش گرینگتر ئەم قەیرانە مرۆییە كەمتر دەكاتەوە." ووتیشی "ئەمریكا، هێزەكانی سووریای دیموكراتیك و هاوپەیمانی جیهانی سەرنجیان بەردەوامە لەسەر شكستی هەمیشەیی داعش، لە هەمان كاتدا ڕووبەڕووی ئاستەنگە مرۆیی و ئەمنییەكان دەبنەوە لە كەمپەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا."
بەپێی راپۆرتی دەنگی ئەمریكا، لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر لە٥٧ هەزار ژن و منداڵی بنەماڵەكانی داعش هەن كە لە كەمپ و ناوەندەكانی دەستبەسەركردندا دانراون، لەسەدا ٦٥یان منداڵن كە ٣٧ هەزار كەسی بیانی لە ٦٠ ووڵاتی جیاوازەوە هاتوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەكان، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ تا كاتی ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە، ٨٨٧ منداڵ و ژنی داعش ڕادەستی ووڵاتەكانیان كراون كە ٦٦٧یان منداڵن.
پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو خەڵكە زۆر خاوە و بووەتە نیگەرانی بۆ هێزە كوردییەكانی كە ناوچەكە بەڕێوە دەبەن. نەتەوە یەكگرتووەكانیش چەندین جار داوای لە ووڵاتان كردووە هاووڵاتیانی خۆیان بگێڕنەوە بۆ وڵاتەكانیان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە