سعودیە.. لەماوەی ساڵێکدا (٤٨) کەس لەسێدارەدراون

سعودیە.. لەماوەی ساڵێکدا (٤٨) کەس لەسێدارەدراون

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، لەمساڵداو بە بریاری دەسەڵاتدارانی سعودیە تائێستا (٤٨) كەس لەو وڵاتە لەسێدارەدراون کە نیوەی ئەو ژمارەیە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە بووە.

لە راپۆرتێکدا، ڕێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، کە سعودیە لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٤)ەوە نزیكەی (٦٠٠) کاری لەسێدارەدانی ئەنجامداوە كە زیاتر لە (٢٠٠) كەسیان دۆسییەی ماددە هۆشبەرەكان بووە.

ئاشکراشیکراوە، کە لەو وڵاتە كەسانێكی دیكە ماون بەتۆمەتی ماددە هۆشبەرەكان تۆمەتبار كراون و لە لیستی لە سێدارەداندان.

لای خۆشیەوە، سارە لیا ویتسن، بەڕێوبەری جێبەجێكاری هیومان ڕایتس وۆچ، بۆ لقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندووە، کە "هەر پلانێك بۆ سنووردانان بۆ ئەو سزا لە سێدارەدانانەی كە پەیوەستن بە ماددە هۆشبەرەكانەوە دەبێت چاكسازی لەسیستمی دادگاییشی لەگەڵدا بێت، كە ئەوەش دەبێتە هۆی دابینكردنی دادگایییەكی دادپەروەرانە".

بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتەش لەکاتێکدایە، کە مانگی رابردوو، محەمەد بن سەلمان، میری سعودیە رایگەیاندبوو، دەكرێت لە هەندێك بواردا یاساكانی سعودیە بگۆڕدرێن بۆ ئەوەی لە جیاتی لە سێدارەدانی تاوانبارەكە سزای زیندانیكردنی هەتا هەتایی بەسەردا بسەپێنرێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە