پەیامی کورد ... بەرپرسێكی پارتی لە خانەقین رایگەیاند، دۆخی ئەمنی سنووری خانەقین بە هۆی ناتەوانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراقەوە ئاڵۆز بووە، بۆیە جارێكی دیكە داعش سەری هەڵداوەتەوە. دەشڵێ، بۆ تووندوتۆڵكردنی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە، لیوای 16ی هێزی پێشمەرگە رەوانەی سنووری كوڵەجۆ كراوە.
عامر رەفعەت، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی برایەتی لە سنووری خانەقین، ڕایگەیاند : "رۆژ بەرۆژ دۆخی سنووری خانەقین بەرەو خراپتر دەچێت و لە ئێستادا داعش هێرشەكانیان بۆ سنووری كوڵەجۆ گواستووەتەوە، كە هێزی پێشمەرگەی لێیە و، بە شێوەی مەفرەزە دێن و قەنناس بەكار دەهێنن، كە نازانین چۆن دەستیان كەوتوون و شەوان كردەوە ئەنجام دەدەن، لە ئێستاشدا هێرشەكانیان بۆ سەر پێشمەرگە دەست پێكردووە، چونكە دەزانن لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە گەورەترین شكستیان خواردووە، هەر بۆیە بۆ توندوتۆڵكردنی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە، دوێنێ لیوای16ی هێزی پێشمەرگە بۆ سنووری كوڵەجۆ رەوانە كراوە".
رەفعەت روونیشی كردەوە: "لە زنجیرەچیاكانی حەمرین تا دەگاتە سنووری كوڵەجۆ، بۆشاییەكی گەورەی ئەمنی هەیە و هێزی عێراقی و حەشدی شەعبی توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نییە و رێگریش دەكەن هێزی پێشمەرگە بچێتە ئەو ناوچانە، بۆیە تاوەكو هێزی پێشمەرگە نەچێتەوە بۆ هەموو ناوچانەكان، ئەستەمە ئەمنیەت بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، شەوانە سەربازی عێراق و حەشدی شەعبی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەكوژرێن و تەنها لە ماوەی دوو مانگدا داعش زیاتر لە 20هێرشی ئەنجام داوە، بۆیە تاكە چارەسەر بۆ ئەم دۆخە، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە