پەیامی کورد... ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە درێژەی چالاکییەکانیان بڵاو کردەوە
"ئەنجوومەنی سەوزی چیا"ی مەریوان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسی لە ڕاگرتنی هەڵمەتەکانی کوژاندنەوەی ئاگر لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە کرد.
لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە ماوەی ٢٣ساڵی ڕابردوودا لە زۆربەی چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە ژینگە لەوانە پاراستنی گۆلی زرێبار، ڕێگریکردنی لە ڕاو، بردنە سەرەوەی ئاستی ئاگایی خەڵک لەسەر ژینگە، بەدواداچوون بۆ ڕێگری لە لەناوچوونی دارستانەکانی مەریوان، هێنان و زیادکردنی باڵندەی جۆراوجۆر بۆ گۆلی زرێبار، چالاککردنی کۆمیتەی منداڵان و پەروەردەیان لە قوتابخانەکان، لە چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە بە هەژمار دێن.
لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا و دوای ئەو ئاگرکەوتنەوانەی لە دارستانەکانی مەریوان ڕوویان دا و دوای ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان گوێی خۆیان لە چارەسەری و کوژاندەوە ئاگرەکان داخستبوو، ئەو ئەنجوومەنە بە یارمەتیی خەڵک بە ئەرکی خۆی زانی کە لەو بارەوە هەموو هەوڵی خۆی بدات بۆ ئەوەی ڕێگری لە سووتان و تێکچوونی ژینگەی کوردستان بکات.
ئەو ئەنجوومەنە لەو ڕێگایەدا و خۆبەخشانە هەموو هەوڵی خۆی دا و چەندین ئەندامی کارای ئەو ئەنجوومەنە لە درێژەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئاگردا سووتان و شەهید بوون
کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان هەرچەند کاری سەرەکیی ئەو ئەنجوومەنە نەبوو بەڵام ئەو ئەنجوومەنە لێپرسراوانە بە درێژایی ساڵانێکی زۆر ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ بوو و لە لایەکەوە ئەوان بە ئەرکیان زانیوە و لە لایەکەوە لە نابەرپرسیی لایەنی پەیوەندیدار، کوژاندنەوەی دارستانەکانیان لە ئەستۆ گرتبوو.
ئەوان لەو ڕاگەیەندراوەدا هەروەها وتوویانە کە لە جیاتی دەستخۆشی و ماندوونەبوونی، دەیان جار تووشی بێ حورمەتی و بێ ڕێزی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار بوونەتەوە. هەر بۆیە ڕایدەگەیەنن کە لەوە بە دوا چالاکییەکانیان سەبارەت بە کوژاندنەوەی دارستانەکان ڕادەگرن و ئەو ئەرکە دەدەنە دەست لایەنی پەیوەندیدار.
ئەنجوومەنی سەوزی چیا یەکێک لە چالاکترین ڕێکخراوە ژینگەیییەکانی کوردستان و ئێرانە و خۆشەویستییەکی تایبەتی لەلای چالاکان و خەمخۆرانی ژینگە و هەموو خەڵکی کوردستان هەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە