دادگای باڵای بەریتانیا گڵۆپی سەوزی بۆ ڕەوانەکردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا هەڵکرد

دادگای باڵای بەریتانیا گڵۆپی سەوزی بۆ ڕەوانەکردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا هەڵکرد

پەیامی کورد... دادگای باڵای بەریتانیا گڵۆپی سەوزی بۆ ڕەوانەکردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا هەڵکرد

دادگەی باڵای بەریتانیا گڵۆپی سەوزی بۆ ڕەوانەکردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا هەڵکرد و، هەموو ئەو سکاڵایانەی ڕەتکردنەوە کە داوایان دەکرد هەنگاوەکە هەڵبوەشێنرێتەوە کە ناڕەزایی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە. زیاتر لە ٩٠ کەسایەتیی دیاری ئەو وڵاتە دوایان لە کۆمپانیاکانی هێڵە ئاسمانییەکان کردووە هاوکاری حکومەتی بەریتانیا نەکەن و پەنابەرەکان نەگوازنەوە.

چالاکوانان بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانیان بەوە تۆمەتبار کرد، هەوڵ دەدات لەڕێگەی ناردنی کۆچبەرانەوە بۆ ڕواندا ئەو کێشە و قەیرانانە بشارێتەوە کە تێی کەوتووە. هەروەها خەڵکی بەریتانیا زیاتر لە ١٥ هەزار نامەی ناڕەزاییان بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ناردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە گواستنەوەی ئەو پەنابەرانەدا نەکەن.

ژمارەیەک ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافی کۆچبەران داوایان لە دادگەی باڵای لەندەن کردبوو، گواستنەوەی پەنابەر و پەناخوازان بۆ ڕواندا بە نایاسایی دابنێت و پلانەکەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام دادگەکە ڕۆژی هەینی ئەو داواکارییانەی ڕەتکردنەوە و ڕایگەیاند، گواستنەوەی ئەو پەناخواز و پەنابەرانە لە «بەرژەوەندیی ماددی گشتیدایە»، بەو واتایەی کە تێچووی خزمەتکردنیان لەسەر حکومەتی بەریتانیا کەم دەبێتەوە.

بۆریس جۆنسن و پریتی پاتێل، سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پێشوازییان لە بڕیاری دادگەکە کرد.

جۆنسن ڕۆژی هەینی لە تویتێکدا نووسی، «ناتوانین ڕێگە بە قاچاخچییەکان بدەین ژیانی خەڵکی بخەنە مەترسییەوە و هاوبەشییە پێشەنگەکەمان کاری بازرگانیی ئەو تاوانکارە بێبەزەیییانە پووچەڵ دەکاتەوە.»

ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە کۆچبەرانیش بەڵێنیانداوە کە بەردەوامبن لە دژایەتیکردنی بڕیارەکە.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڕیاری داوە ١٤ی ئەم مانگە زیاتر لە ١٠٠ پەنابەر کە ژمارەیەکیان هاونیشتمانیی کوردن، دیپۆرتی ڕواندا بکات بۆ ئەوەی لەوێ چاوەڕێی مامەڵەی پەناخوازییان بکەن.

بەڵام ژمارەیەک میوزسیان، نووسەر، وەرز شڤان، پارێزەر، چالاکوان، ڕۆژنامەوان و هونەرمەندی دیاری بەریتانی نامەیەکی هاوبەشیان بۆ کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانی ناردووە کە گواستنەوەی پەنابەران ڕەتبکەنەوە.

لە نێو ئەوانەی کە نامەکەیان نووسیوە بریتین لە ئاکالا، میوزسیان و نووسەر، گاری لینکەر، یاریزانی پێشووی تۆپی پێ و هەر دوو ئەکتەر ئەجوا ئەندۆ و ترەیسی ئێمین. داوایان لە کۆمپانیاکانی تیتان ئەیروەیز، پریڤلج ستایل و ئایبرۆجێت کردووە کار لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا نەکەن و پەنابەران نەگوازنەوە، چونکە بە گوتەی خۆیان «هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە ژیانێکی سەلامەت و شکۆمەندا بژیت، گرنگ نییە سیمایان چۆن بێت، لە کوێوە هاتبن یان لە کام سنوورەوە پەڕیبێتنەوە.»

دوای ئەوەی کە ڕێکخراوێکی ناحکومیی بەریتانی بە ناوی «ئازادبوون لە ئەشکەنجە» دەستی بە هەڵمەتێک کرد، کۆمپانیایەکی دیکە بەناوی ئەیر تانکەر، کە پێشتر پەنابەرە دیپۆرتکراوەکانی لە بەریتانیا گواستبوونەوە، بڕیاریدا چی دیکە کار لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا نەکات و بەشداری لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران لە هەفتەی داهاتوودا نەکات.

هەروەها ناڕەزایی خەڵک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژمارەیەک لەو کۆمپانیایانەی ناچار کردووە پۆستەکانیان لەسەر ئینستاگرام و لینکدئین بسڕنەوە.

پلانەکەی بەریتانیا ڕەخنەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی نێو و دەرەوەی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار و ڕێکخراوە مرۆیییەکانیشی لێکەوتەوە.

بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندووە، پلانەکە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی پەنابەران.

ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە ٢٨ هەزار کۆچبەر و پەنابەر لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپاوە لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.

بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەم ساڵیش زیاتر لە ١٠ هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک و بە قاچاخ لە فەرەنساوە لە ڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا.

ساڵی ٢٠٢٠، ٨ هەزار و ٤٦٦ کۆچبەر لەو ڕێگەیەوە چوونەتە بەریتانیا. لە ساڵی ٢٠١٩ش، ژمارەیان ٢٩٩ کۆچبەر بووە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە