پەیامی کورد ... شاندێکی باڵای تاڵیبان بە فەرمی بانگهێشتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێن
ووتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاند، شاندێکی ئەو گرووپە بە بانگهێشتی فەرمی دەسەڵاتی ئێران لەو ووڵاتەیە و هاوکات شاندێکی دەوڵەتی ئەفغانستانیش گەیشتووەتە تاران.
دوێنێ چوارشەممە ڕێکەوتی ٧ی جووڵای ٢٠٢١ شاندێکی دەوڵەتی ئەفغانستان و شاندێکی گرووپی تاڵیبان، گەیشتوونەتە تارانی پایتەخت و لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کۆبوونەتەوە.
موحەمەد نەعیم، ووتەبێژی تاڵیبان بە ‘بی بی سی’ ڕایگەیاند: ئەم شاندە بە بانگهێشتی فەرمی دەسەڵاتی ئێران لە تارانە، شاندەکە بە سەرۆکایەتی ‘شێرموحەمەد عەباس ئۆستانکەزی’ جێگری دەستەی دانووستانکاری تاڵیبان لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ، گفتوگۆ دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییش ڕایگەیاندووە: ئەم بانگهێشتە بۆ دانووستانەکانی “ئەفغانی-ئەفغانی”ـە کە، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەوڵەتی ئەفغانستان، شاندی باڵای سیاسی تاڵیبان و بە مێوانداری کۆماری ئیسلامی لە بینای وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەدەچێت.
هەریەک لە موحەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و ڕەسول مووسەوی سکرتێری گشتی ڕۆژئاوای ئاسیای وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو دانیشتنەدا ئامادەن.
تا ئێستا لەسەر ناوەڕۆکی دانیشتنەکە و ئامانجەکانی هیچ ڕوونکردنەوە و ڕاگەێندراوێک بڵاونەکراوەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە