پەیامی کورد ... گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سعودیا و قەتەر دەست پێدەکاتەوە
ئەمڕۆ دوو شەممە عەرەبستانی سعودیە و قەتەر گەشتە ئاسمانییەكانیان دەستپێدەكەنەوە بۆ یەكەمجار لە دوای٣ ساڵ لە راگرتنی گەشتەكان.
لە ساڵی ٢٠١٧ دا عەرەبستانی سعودیە لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن گەمارۆیان خستەسەر قەتەر، دەروازە وشكایی، ئاسمانی و ئاوییەكانیان بەڕووی دا داخست.
هەفتەی رابردوو لە كۆنگرەی عولا لە عەرەبستان كۆتایی بە قەیرانی كەنداو هێنرا و سعودیە و قەتەر رێككەوتن لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان.
پێرێ سنوری وشكانی نێوان سعودیە و قەتەر كرایەوە لەژێر جێبەجێكردنی رێنمیاییە تەندروستییەكاندا هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەستیپێكردەوە.
هاوكات بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئیمارات سنورەكانی بەڕووی قەتەردا بكاتەوە.
ئەمڕۆ سعودیە گەشتەكانی لە ریاز و جەدەوە بۆ دۆحە دەستپێدەكاتەوە لەگەڵ ٤ گەشی هەفتانە لە ریاز و 3 گەشت لە جەدەوە، یەكەم گەشتیش ئەمڕۆ كاتژمێر ١١ بە كاتی عەرەبستان دەبێت لە ریازەوە.
هاوكات هێڵی ئاسمانی قەتەری رایگەیاند لە ئەمڕۆوە گەشتەكانیان بۆ ریاز و جەدەی سعودیە دەستپێدەكەنەوە.
دوو رۆژتر پێشتریش هێڵی ئاسمانی قەتەری رایگەیاند گەشتەكانی لە رێگای ئاسمانی عەرەبستانەوە دەستپێكردووەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە