پەیامی کورد... بەهۆی شەڕی ناوخۆی سودان لە خەرتوم ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانی ئاسمانی و تۆپبارانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە باشوری خەرتوم ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٧ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانی نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان لە باشوری خەرتوم لە نزیک نەخۆشخانەی فێرکاری ئەلبەشاعیر ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٧ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ بۆردومانەکە هاوەنێکیش لەناو کۆمەڵگەی نەخۆشخانەکەدا کەوتووەتە خوارەوە بەڵام نەتەقیوەتەوە و لە ئێستادا بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
هاوکات، پیترۆ کۆرتاز سەرۆکی نوێنەرایەتیی رێکخراوەکە باسی لەوەکرد، لە ئەنجامی بەردەوامی شەڕی ناوخۆی سودان بەهۆی بۆردومانەوە چەندین کەس برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان و دۆخەکە خراپتر بووە.
لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵەوە شەڕی ناوخۆ لەنێوان سوپای سودان و هێزی پاڵپشتی خێرادا دەستیپێکردووە و تا ئێستا نزیکەی پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە