ڤیتۆ و بڕیاری ترامپ دواهەمین هیوای تورکیایە لە سەر کڕینی سیستەمی ئێس - ٤٠٠

ڤیتۆ و بڕیاری ترامپ دواهەمین هیوای تورکیایە لە سەر کڕینی سیستەمی ئێس - ٤٠٠

پەیامی کورد   ...   ووتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توریكا ڕایگەیاند، ووڵاتەكەی پێیوایە ئەگەر كۆنگرێسی ئەمریكا لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا بڕیاربدات، دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەسەڵاتەكانی بۆ وەستاندنی ئەو بڕیارە بەكاردەهێنێت.

ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەهۆی رێككەوتنی كڕینی موشەكی ئێس-400ی ڕووسی لە لایەن توركیاوە هەڕەشەیكردوە و رایگەیاندوە، لە ئەگەری كڕینی موشەكی ئێس-400 سزا بەسەر ئەو ووڵاتەدا دەسەپێنێت و ئانکارەش لەوبارەیەوە دەڵێت "نابێت كڕینی سیستەمی بەرگری ڕووسی ببێتە هۆی سەپاندنی سزا بەسەر ووڵاتەكەیدا".

لەوبارەیەوە ئیبراهیم كاڵن، ووتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاند، "ئەگەر كارەكە بەوشێوەیە بڕوات و كۆنگرێس بڕیاربدات سزا پێشنیاركراوەكان بەسەر توركیادا بسەپێنێت، ئێمە بەدڵنیاییەوە پێمانوایە سەرۆك دۆنالد ترامپ بە مەبەستی لێخۆشبون لەو بابەتە دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت".

لە ووڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە كاردانەوەی توركیا لە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر ووڵاتەكەیدا و بەكارنەهێنانی ڤیتۆ لە لایەن ترەمپ-ەوە كاڵن وتی "توركیا چاوەڕێدەكات تا مەودای سزاكان ڕوون دەبێتەوە، بەڵام هیواخوازە دۆخەكە نەگاتە ئەو ئاستە".

كاڵن ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هەرەشەو سزایانە بە شێوەیەكی تەواو پێچەوانە دەرەنجامیان لێدەكەوێتەوە و هیچ ئەنجامێكی ئەرێنی لەخۆناگرن". 

بەرپرسانی ئەمریكا كڕینی سیستەمی بەرگری ئێس-400 ی ڕووسی بە "گرفتێكی قوڵ" ناودەبەن و پێیانوایە ئەو سیستەمە ئاسایشی فڕۆكە جەنگیەكانی ئێف-35 ی ئەمریكی دەخاتە مەترسییەوە.

لەوبارەیەوە خوڵووسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاندوە، "بەدڵنیاییەوە ووڵاتەكەی بۆ سەر ویلایەتە یەكگرتووەكان مەترسی نیە و كڕینی موشەكی S400ی ڕووسی لە لایەن ئەنقەرەوە، نابێت ببێتە هۆی سەپاندنی ئەو سزایانەی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە دژ بە نەیارەكانی بەكاریدەهێنێـت".

ئەوەش لەکاتێکدایە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەفتەی ڕابردوو رایگەیاندبوو، واشینتۆن بە ئانکارا ڕاگەیاندوە، لە ئەگەری كڕینی مووشەكی بەرگری S400 پێدەچێت ئانکارا ڕووبەڕووی سزا ببێتەوە، ئەوەش بەپێی ئەو یاسای سزادانە ئەنجامدەدرێت، كە پەیوەستە بەو لایەنانەی ڕووبەڕووی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەبنەوە.

هاوكات ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا ڕەتیدەكاتەوە لە كڕینی سیستەمی S400ی ڕووسی بكشێتەوە و ویلایەتە یەكگرتوەكانیش بەوهۆیەوە لەبارەی وەستاندنی پێدانی سیستەمی بەرگری پاتریۆتی ئەمریكی بە ئانکارا هەڕەشەدەكەن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە