پەیامی کورد … هاوپەیمانان: بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنی پێشمەرگە
شاندێکی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن و لەمیانەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی دەکەنەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ فەریق جەمال محەمەدم سەرۆکی ئەڕکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ تاد بۆرۆس و شاندی یاوەری لە هێزەکانی هاوپەیمانان کردووە و شاندەکە هاوخەمی و سەرەخۆشی هێزەکانی هاوپەیمانانیان گەیاندووەتە وەزارەتی پێشمەرگە، بەبۆنەی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگە، کە لە شەوی ٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، لە هێرشێکی تیرۆرستانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە شەهید ببوون، تیایدا سەرەخۆشی خۆیان بە وەزارەتی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان و تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە راگەیاندووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە شاندەکەی هاوپەیمانان لە میانەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتیان کردووەتەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوام دەبن لە کۆمەک و هاوکاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و پاڵپشتی خۆیان دەربڕیوە بۆ پێشمەرگە لەرووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە