گوتەبێژی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئاشكرای كرد، بزووتنەوەی گۆڕان بۆ زیادكردنی دوو كورسی لە سلێمانی و كورسییەك لە كەركوك، هەڕەشەی كوشتنی لە سەعید كاكەیی ئەندامی كۆمسیۆنی باڵا كردووە.
رۆژی پێنجشەممە 17ی ئایاری 2018، كەریم تەمیمی، گوتەبێژی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، لە میانی دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی (ئەلشەرقیە) دەڵێت "ئەو هەڕەشەیەی لە كۆمسیارەكەمان كراوە، لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە بووە، پێیان گوتووە دوو كورسی لە سلێمانی و كورسییەكیشمان لە كەركووك بۆ زیاد بكە، دەنا دەتكوژین".
تەمیمی لە دیمانە تەلەڤزیۆنییەكەدا گوتی "با هەموو گەلانی عێراق گوێیان لێ بێت، دكتۆر سەعید لەنێو كۆمسیۆندا گریاوە لە ترسی ژیانی خۆی، لێمان پرسیوە چیمان پێدەكرێ بۆت بكەین و چۆن یارمەتیت بدەین؟ دكتۆر سەعیدیش لە وەڵامدا گوتی گۆڕان زیادكردنی دوو كورسی لە سلێمانی و كورسییەكیشی لە كەركووك لێ دەوێم".
سەعید كاكەیی كە پێشتر ڕاوێژكاری مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە بووە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تا دەرچوونی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكانیش، وەك نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بووە، لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەڕەشەی كوشتنی لێ كراوە ئەگەر كورسییان بۆ زیاد نەكات لە پەرلەمانی نوێی عێراق.
دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دووپاتی كردەوە، كە هەڕەشە لەسەر ژیانی سەعید كاكەیی، ئەندامی كۆمسیۆنەكەیان هەیە و لەلایەن حزبێكی سیاسی دیاریكراوەوە رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە.
https://youtu.be/l_k47NAkSHE
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە