پەیامی کورد ....ڕاگەیندراوێ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە نیسبەت بوردمانەکەی ئەمڕۆی سنووری سیدەکان
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی تورکیا بۆسەر کۆبوونەوەیەکی هێزی پاسەوانی سنوریی عێراق و پەکەکە، بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە پەکەکە و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، كاتژمێر 2:45 پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ، سێشەممە، رێكەوتی 11/8/2020 لە ناوچەی برادۆست كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنوووری سەر بە حكوومەتی فیدڕاڵی خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون کە لە خاڵە سنووریەکان دروستبووە بە مەبەستی دوورخستنی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لە لایەن فڕۆكەیەكی سەربازی توركیاوە ئوتۆمبیلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور دەكرێتە ئامانج.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی بۆردومانەکەوە دوو ئەفسەری هێزی پاسەوانی سنوریی عێراق بە ناوەكانی (عمید/ محەمەد ڕەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور) و(عقید/ زوبێر حالی تاجەدین ، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور) شەهیدبوون و (عقید/ حیسامەدین عەبدولڕەحمان حەسەن ) بریندار دەبێت .
دووپاتیشیکردووتەوە، پێویستە پەکەکە و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان وعێراق وچیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە .
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، بەم بۆنە خەمناكەوە ، پرسە وسەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەین ولە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە بە بەهشتی خۆی شادیان بكات و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین وخەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێمی كوردستان .
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە