بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق زیانی بوو کورد هەیە و بۆ کورکووکیش بێ ئامانجە

بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق زیانی بوو کورد هەیە و بۆ کورکووکیش بێ ئامانجە

پەیامی کورد    ...    رۆژی دووشەممەی ڕابردوو، پەرلەمانی عێراق یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقی پەسەند كرد، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیش روونی كردەوە، زۆرێك لە بڕگە و ماددەكانی نێو یاساكە زیانی بۆ كورد ھەیە و لەبارەی كەركووكیشەوە دەڵێ، ھەڵبژاردن لە كەركووك بەو رەوشەوە تەنیا لە بەرژەوەندی ھەندێ لایەندایە و زیانی بۆ كورد دەبێت.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، رایگەیاند: "زۆرێك لە بڕگە و ماددەكانی نێو یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق زیانی بۆ كورد ھەیە و پارتی لەگەڵ ئەو شێوازەدا نەبوو، یەكێك لەوانە پووچەڵكردنەوەی ئەنجوومەنی قەزا و ناحیەكان زیانی بۆ ھەموو عێراق ھەیە، لەبەر ئەوەی نەھێشتنی ئەنجوومەنی قەزا و ناحیەكان لە ناوچە كوردستانییەكان، لە بەرژەوەندی خەڵكی ئەو ناوچانە و كورددا نییە و بە نەمانیان دەبێتە حوكمێكی مەركەزی".

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن دەشڵێت: "شێوازی دیاریكردنی كورسی دوای بەڕێوەچوونی دەنگدان لە بەرژەوەندی كورددا نییە، چوونكە لە دیالە و بەغدا و سەڵاحەددین و كەركووك و چەندین پارێزگای دیكەی عێراق دەنگی خەڵكی ئێمە دەفەوتێت، ھەروەھا بڕگەیەكی دیكەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەوەیە، كە ھەر پارێزگایەك رێژەی بەشداری دەنگدەران لە بایۆمەتری نەگەیشتبێتە ٧٥% و بەشداری كردبێت، تەنیا مافی دەنگدان بە كارتی بایۆمەتری دەبێت، بەڵام ئەو پارێزگایانەی رێژەی بایۆمەترییان نەگەیشتبێتە ٧٥% ئەوە دەنگدەران بۆیان ھەیە بە كارتی دیكەش دەنگ بدەن".

گۆران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە پشتڕاستین لە پارێزگایەكی وەك مووسڵ رێژەی بەشداری ناگاتە ٧٥% لە پڕۆسەی بایۆمەتری، ئەوەش دەرفەتی ساختەكاری بۆ ھەندێ لایەنی عێراقی دەڕەخسێنێت".

پەیوەست بە كەركووكیش، خەسرۆ گۆران گوتی: "لە كەركووك رەوش ئاڵۆزە و لە بەرژەوەندیی كورددا نییە ھەڵبژاردن بكرێت، چوونكە ئەنجوومەنی پارێزگا كارا نییە و كورد ھیچ دەسەڵاتێكی نییە، رۆژانە تەعریب بەردەوامی ھەیە و فەرمانبەرانی كورد دەردەكرێن لەسەر كارەكانیان، ئەگەر رەوشی كەركووك ئاسایی نەكرێتەوە، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەو پارێزگایە تەنیا لە بەرژەوەندی ھەندێ لایەنی توركمان و عەرەب و حەشدی شەعبیدایە، ئێمە پێشبینی دەكەین ئەو لایەنانە بە لیستی جیاجیا بەشداری ھەڵبژاردن دەكەن تا زۆرترین دەستكەوت بەدەست بێنن".

لەبارەی بەشداریی پارتی لە كەركووك و درووستكردنی لیستی یەكگرتوو لە نێوان لایەنە كوردییەكان، گۆران دەڵێت: "ھێشتا زووە بۆ یەكلاكردنەوەی ھەندێ پرسی تایبەت بە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، ئێمە لە مانگی تەمووزین و ھەڵبژاردن لە مانگی نیسانی ساڵی دابێت بەڕێوە دەچێت، ھیچ بڕیارێك نییە چۆن بەشداری دەكەین، رەنگە بە یەك لیست بەشداری بكەین و لەوانەشە بە لیستی جیا و ئەگەری تریش ھەیە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە