ئەوچەکدارانەی سوپای سووریای ئازاد کە ڕەوانەی عەفرین دەکرێن ، لە تورکیا مافی هاووڵاتیبوون و خانوویان پێدەدرێت و قەرەبوو دەکرێنەوە.
مستەفا سەجاری ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری "جەیش ئەل وەتەنی" کە پێش دانوستاندنەکانی ئاستانە لە ئەنقەرە میوانداری کرا، ئەو رێککەوتنەی ئاشکرا کرد کە لەنێوان تورکیا و سوپای سووریای ئازاد ئەنجامدراوە لەبارەی ئەو چەکدارانەی سوپای سووریای ئازاد کە لە عەفرین دەکوژرێن یان برینداردەکرێن.
پێدانی مافی هاووڵاتیبوون، خانووی بێ بەرامبەر و قەرەبووکردنەوە لە ریزبەندی ئەو بڕگانەدایە کە هەردوو لایەن لەسەری رێککەوتوون.
مستەفا سەجاری کە یەکێکە لە سەرکردەکانی جەیش ئەل وەتەنی (سوپای میللی) کە بە پاڵپشتی تورکیا دامەزراوە ، رۆژی ١٢ی ئاداری رابردوو لە ناونیشانی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەی خستووەتەڕوو کە لە ئەنجامی دانووستاندنەکانیان لەگەڵ تورکیا لەسەری رێککەوتوون لەبارەی ئەو چەکدارانەی سوپای سووریای ئازاد کە لە عەفرین دەکوژرێن.
مستەفا سەجاری ناوەڕۆکی ئەو دانوستاندنەی بەناوی سوپای سووریای ئازاد لەگەڵ تورکیا ئەنجامیانداوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا بە (قوای میللیە) ناویان دەبات، لە ژێر 3 ناونیشان و 6 بڕگە بڵاوکردووەتەوە کە دان بە مافی چەکدارانی سوپای سووریای ئازاد و خێزانەکانیاندا دەنێت.
یەکەم: لەگەڵ تورکیای "میوان دۆست و سەخی و برا گەورە و هاوبەشی راستەقینەمان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" لەبارەی چارەنووس و داهاتووی ئەندامانی سوپای سووریای ئازاد چەند بڕیارێک دراوە:
1. هەر شەڕکەرێکی سووری لەم شەڕەدا شەهید بێت، هاوژین و منداڵەکانی مافی هاووڵاتیبوونیان پێدەدرێت لە تورکیا.
2. ئەو شەڕکەرانەی خێزاندارنین مافی هاووڵاتیبوون دەدرێت بە دایک و باوکیان.
3. ئەو ئەندامانەی سوپای سووریای ئازاد کە لە شەڕەکەدا بریندار دەبن و بەوهۆیەوە کەمئەندام دەبن (سەڵت یان خێزاندار) مافی هاووڵاتیبوونیان پێدەدرێت لە تورکیا.
4. شوقەیەک دەدرێت بە خێزانی ئەو چەکدارانەی شەهید دەبن. (بێبەرامبەر)
5. کۆی گشتی 30000 لیرەی تورکی دەدرێت بە خێزانی هەر شەهیدێک.
6. بڕی 15000 لیرەی تورکی دەدرێت بەو کەسانەی بەهۆی بریندرابوونی لە شەڕەکەدا کەمئەندام دەبن.
دووەم: ئەم هەنگاوە لەلایەن سەرۆک ئەردۆغانەوە نرا، وەک وەستانەوەیەک لە بەرامبەر ئەو کەسانەی دژی ئەندامانی سوپای سووریای ئازاد هەوڵی چەواشەکردنی رای خەڵکیان دەدا و هەوڵەکانمانیان بۆ پاراستنی خاک و گەل دەخستە ژێر پرسیارەوە و لەکەداریان دەکردین.
سێیەم: تورکیا لە میانی تێکۆشان لە سەر خاکی سووریا و پارێزگاری کردن لە خاکی سووریا لەلایەن شەڕکەرەکان و بۆ ئازادکردنی خاکی سووریا، بەردەوام تواناکارییەکانمان بەهێز دەکات و بارمان سووک دەکات. سوپاس تورکیا.
بەگوێرەی ئەو هەوڵانەی لە کانوونی دووەمی 2017 بڵاوکراونەتەوە، مستەفا سەجاری ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری جەیش ئەل وەتەنی لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ یەکێک بووە لەو کەسانەی بەشداری کردووە لە دوایین کۆبونەوەکانی ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی شاندێکی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ئەنقەرە بە مەبەستی بەشداریکردن لە دانوستاندنەکانی ئاستانە کە لەوڵاتی کازاخستان بەڕێوەدەچوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە