پەیامی کورد … وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: هێرشەكەی هەولێر لێخۆشبونی نییە
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە وەڵامی هێرشەكەی هەولێر دەڵێت: لێخۆشبونی نییە و هەر وەڵامێكیش بە هەماهەنگی تەواو دەبێت لەگەڵ حكومەتی عێراق و هاوپەیمانەكانمان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆدەبێتەوە، نێد پرایس لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە وتی: لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی هەولێر بەردەوامە و لە رۆژانی سەرەتایدان.
وتیشی: وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەی كردوە و بەزوترین كات دەگەنە ئەنجامێك، سەلامەتی سەرباز و هاوڵاتیانی ئەمریكی و ئاسایشی بنكەكانیان بۆ ئەوان لە هەمو شتێك گەورەترە.
سەبارەت بە جۆری وەڵامەدانەوەی هێرشەكە باسی لەوەكرد: ئاشكرای نایكەین وەڵامەكەمان بە چ جۆرێك دەبێت، بەڵام هەر گروپێك دەستی لە هێرشەكەدا هەبێت باجەكەی دەدات، هەر وەڵامێكمان هەبێت بە هاوئاهەنگی تەواو دەبێت لەگەڵ حكومەتی عێراق و هێزە هاوپەیمانەكانمان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە