سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی کرد لە کونسوڵی گشتی فیلیپین

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی کرد لە کونسوڵی گشتی فیلیپین

پەیامی کورد  ...  باڵیۆزی فیلیپین رایگەیاند، لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆنسووڵخانەی ووڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە. سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێ، خوازیاری درووستبوونی پەیوەندییەكی بەهێزن لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی فلیپیندا.

د. ڤاڵا فەرید، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، لە نووسینگەی خۆی لە تەلاری پەرلەمان پێشوازیی لە جولیس تۆریس، باڵیۆزی فیلیپین لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا، جولیس تۆریس، باڵیۆزی فیلیپین لە عێراق، پیرۆزبایی لە سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونیان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و خۆشحاڵی خۆی بە بوونی ئافرەت لەو پۆستە سیادییانە لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند: "بە خۆشحاڵییەوە یەكەمجارە سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەكەم و دەمانەوێت پەیوەندییەكی بەهێز دروست بكەین لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فلیپین لە رووی بازرگانی و وەبەرهێنان و دیپلۆماسییەوە، هەروەها بە هۆی ئابووری هەرێمی كوردستانەوە خەڵكێكی زۆری فیلیپین لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و هەرێمی كوردستان بەرەو بووژانەوەی زیاتر هەنگاو دەنێت و بۆ ئەم مەبەستە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆنسووڵخانەی فیلیپین لە هەرێمی كوردستان دەكەینەوە".

هەر لە دیدارەكەدا، باڵیۆزی فیلیپین لە عێراق، رۆڵی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەی كوردستانی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند.

لەلایەن خۆشییەوە، د. ڤاڵا فەرید، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی جولیس تۆریس، باڵیۆزی فیلیپین لە عێراق و شاندی یاوەری، رایگەیاند: "خوازیاری دروستبوونی پەیوەندییەكی بەهێزین لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی فیلیپین لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها بۆ لیژنەكانی پەرلەمانیش پێویستمان بە ئاشنابوونی زیاترە لە هەموو روویەكەوە لە چوارچێوەی كاری پەرلەمانیدا".

هیواشی خوست كە بە زوویی كۆنسووڵخانەی فیلیپین لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندیی نێوان هەردوولا و پێویستیی كۆنسووڵخانەكەیشی بۆ بوونی خەڵكی ڤیلیپین كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، بە گرینگ زانی.

لە كۆتایی دیدارەكەشد باڵیۆزی فیلیپین دیاریی پیرۆزبایی پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرد.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە