پەیامی کورد … حکومەتی عێراق داوا لە ئەمریکا و ئێران دەکات ململانێکانییان ببەنە دەرەوەی عێراق
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەی داوای لە ئەمریکا و ئێران کردووە وڵاتەکەی ململانێکانیان لە خاکی وڵاتەکەی دوربخەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "چەندین ساڵە ئەمریکا و ئێران خاکی وڵاتەکەمانیان کردووەتە مەیدانی یەکلایی کردنەوەی ململانێکانیان".
دەشڵێت، داوایان لەهەردوولا کردووە، ململانێکانییان لە عێراق دوربخەنەوە و ببینە دەرەوەی ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشداوە، "لە پایزی ساڵی ٢٠١٩ توانیمان عێراق رزگاربکەین لە کاتێکدا رووداوەکانی ئەو ساڵە وڵاتی تا کەناری لەناوچوون برد".
لەبارەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریکاوە، راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەداوە، رێککەوتنەکە زۆر گرنگە و ناوچەکە یەکلایی دەکاتەوە. عێراق لەو باوەڕەدایە دەتوانرێت رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت. دەشڵێت، سەرکەوتنی گفتوگۆکانی ڤیەننا خزمەت بە عێراق و ناوچەکەدەکات.
لەدوای روخانی رژێمی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوخاکی عێراقدا پەرەی سەندووە، بە جۆرێک بەردەوام ئەمریکا لە ئەنجامی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە دپلۆماسییەکان و کاروانی هێزەکانی پەنجەی تۆمەت بۆ ئەوگروپە چەکدارییانە درێژدەکات کە لە ئێرانەوە نزیکن. لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ ئەمریکا لە هێرشێکی فڕۆکەوانیدا لە نزیک فڕۆکەخانەی عێراق قاسم سولەیمانی فەرماندەی گشتی لیوای قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری فەرمانداری حەشدی شەعبی کوشت و لە یەکەم کاردانەوەی ئێرانیشدا زیاتر لە ١٠ موشەکەی ئاراستەی بنکەی سەربازی عین ئەسەدی ئەمریکی لە پارێزگای ئەنبار کرد.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە