پەیامی کورد... ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی ئۆکراینی بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان لە ئەورووپاوە گەڕاونەتەوە
وەزیری بەرگری ئۆکراینا، ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ ئەوەی ئاشکرا کرد کە ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی ئۆکراینی بۆ بەرگری کردن لە وڵات لە ئەورووپاوە گەڕاونەتەوە.
ڕێزنیکۆڤ، لە شاری کیێڤ دەربارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا، ڕوونکردنەوەی دا.
ناوبراو ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ماوەی دوو هەفتەیە جەنگ بەردەوامە و ڕایگەیاند "لە جیهاندا هیچ کەس باوەڕی نەدەکرد ئەوەندە خۆڕاگریین و ئەوەندە بەرگری بکەین. ئێمە خۆڕاگری ناکەین بەڵکوو هێرش دەبەین. پلانی دوژمنان تێکشکا و هەموو جیهانیش ئەمە دەبینێت".
وەزیری بەرگری ئۆکراینا، جەختی لەوەشکردەوە کە سوپای ڕووسیا "گورزێکی گەورە"ی بەرکەوتووە و بەوهۆیەوە هێرش دەکاتە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان، گوتیشی: "دوژمن، هاووڵاتییانی مەدەنی، ژنان و منداڵان بە بارمتە دەگرێت و دەیانکوژێت. داگیرکەرانی ڕووس، زیاتر لەو سەربازە ئۆکراینییانەی لە پێکدادانەکاندا کوژراون، هاووڵاتی مەدەنییان کوشتووە. پێویستە نەک تەنیا ئۆکراینا بەڵکوو هەموو جیهان ئەمە ببینێت".
ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە هەوڵدان بۆ بەهێز کردنی سوپای ئۆکراینا و ڕاشیگەیاند "زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاووڵاتی ئۆکراینی چوونەتە ناو ڕیزەکانی سوپاوە. زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاووڵاتیش بۆ بەرگری کردن لە وڵات لە ئەورووپاوە گەڕاونەتەوە. لە نێویشیاندا هاووڵاتی بیانیش هەن کە بە خۆبەخش هاتوونەتە ئۆکراینا".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە