کوژرانی دوو هاووڵاتی لە خۆپیشاندانەکانی مەهاباد و سنە

کوژرانی دوو هاووڵاتی لە خۆپیشاندانەکانی مەهاباد و سنە

پەیامی کورد... کوژرانی دوو هاووڵاتی لە خۆپیشاندانەکانی مەهاباد و سنە

 

لە خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردووی کوردستان کە ١٣ شاری گرتەوە، لانی کەم ٢ هاووڵاتی لە شارەکانی مەهاباد و سنە بە ناوەکانی ئیسماعیل مەولوودی و محەممەد شەریعەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەستداوە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شەوی چوارشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە شاری سنە، لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵ بە ناوی محەممەد شەریعەتی لە کەمەربەندی ٢٥ ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.

 

محەممەد شەریعەتی تاقانە کوڕی بنەماڵەیەکی خەڵکی گوندی سیاناوی سەر بە شارۆچکەی موژژ بووە.

 

لە لایەکی دیکە و هاوکات، لە خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباد، لاوێکی دیکە بەناوی ئیسماعیل مەولوودی تەمەن ٣٥ ساڵ ناسراو بە سمکۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە کانی حکومەت گیانی لەدەستدا.

 

شەوی ڕابردوو تەرمی سمکۆ لەسەر شانی خەڵک بەوتنەوەی دروشمی "شەهید نامرێ" بۆ مزگەوت گوازراوەتەوە. بڕیارە ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو کاتژمێر ٩ بەڕێوە بچێت.

 

ڕۆژی ڕابردوو خەڵک لە شارەکانی، ئورمیە، مەهاباد، بۆکان، سەقز، دیواندەرە، مەریوان، سنە، قوروە، کامێران، ڕوانسەر، کرماشان، قەسری شیرین و ئیلام ڕژانە سەر شەقامەکان و هێزەکانی حکومەت لە زۆرێک لەو شارانە ڕاستەوخۆ خەڵکیان داوەتە بەر دەستڕێژ و لە شارەکانی کرماشان، سنە، سەقز، بۆکان، مەریوان، قوروە و مەهاباد بە دەیان کەس برینداربوون.

 

ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە هەنگاو باس لە کوژرانی دوو هاووڵاتی دیکە لە شارەکانی سنە و مەهاباد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان دەکەن کە هەنگاو لە هەوڵی پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانەدایە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە