پەیامی کورد ... ڕاوێژکارە تایبەتەکەی کازمی شیعەکان تووڕە دەکات
چەند لایەنێكی شیعە، لە لێدوانی راوێژكارێكی مستەفا كازمی توڕەن، داوای دوورخستنەوەی دەكەن.
هیشام داوود راوێژكاری موستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە چەند رۆژی رابردوودا لە لێدوانێكدا قسەی لەسەر بڕیارەكەی سەرەتای ئەمساڵی پەرلەمانی عیراق كرد لەبارەی كشانەوەی هێزە بیانییەكان، رایگەیاند، بڕیارەكە دەربڕی خواستی هەموو عیراقییەكان نییە، چوونكە هەموو پێكهاتەكانی عیراق بەشدارییان تێدا نەكردووە.
بۆیە چەند لایەنێكی شیعی، بەتایبەت ئەوانەی گرووپی چەكداریان هەیە و بەشدار بوون لە دەركردنی بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق، لەو لێدوانەی راوێژكارەكەی كازمی توڕە و نیگەرانن و داوای لەسەركارلادانی دەكەن.
لەو نێوەندە، هاوپەیمانی فەتح-ی سەر بە هادی عامری ڕاگەێندراوێكی بڵاوكردەوە، داوایكرد هیشام داوود لە كارەكەی دووربخرێتەوە و "كەسانی شارەزا و لێهاتوو بۆ پۆستەكانی حكوومەت دابنرێن".
فراكسیۆنی بەدر-یش، كە یەكێكە لە پێكهێنەرانی هاوپەیمانی فەتح، هەروەها فراكسیۆنی سادیقوون-ی سەر بە عەسائیب ئەهلی حەق، بەهەمانشێوە بە راگەێندراو رەخنەیان لە لێدوانەكەی راوێژكارەكەی كازمی گرت، جەختیان لەسەر پێویستی پابەندبوونی حكوومەتی عیراق كردەوە بە بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عیراق.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە