پەیامی کورد ... لە دوای هۆشدارییەکان بپ هاتنی بارانێکی بەخوڕ لە چەندین پارێزگا و شاری کوردستان و ئێران، لە یەکەم شەپۆلی بارانبارین لە پارێزگاکانی ئیلام، لوڕستان، خووزستان، کەهگیلویە و بویرئەحمەد لافاو هەستا.
بە گوێرەی دواهەمین زانیارییەکان بە هۆی بارینی شەوی ڕابردووەوە لە سەرجەم پارێزگای لوڕستان، زۆربەی ڕێگاوبانەکانی ئەو شارە داخراون.
دانیشتووانی ٩ گوندی پپلدۆختەر بەهۆی بارینی بەفر و بارانەوە ماڵەکانیان چۆڵ کردووە و زۆربەی پرد و ڕێگاکان کەوتوونەتە ژێر ئاوەوە.
لە هەندێک لە گوندەکان دۆخەکە زۆر مەترسیدارە؛ گوندی "حەیات ئەلغەیب" سەر بە شاری چگنی لە پارێزگای لوڕستان بە یەکجاری وێران بووە.
پردی ئاسنیی بەخشی شاهیوەند سەر بە شاری دوورە بەهۆی لافاو وێران بووە. هەروەها پردی "مەعمووڵان" شکاوە و ئەوەش بووەتە هۆی پچڕانی بۆڕییەکانی گاز و ئاو.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بارینەکان درێژەی دەبێت و لە سەرجەم پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، لوڕستان، خووزستان و چوار مەحاڵ و بەختیاری هۆشداری دراوە.
لە ماوەی ٣٨ کاتژمێردا لە لوڕستان ٩٥ میلیمەتر باران باریوە و ڕێگا سەرەکییەکانی ئەو پارێزگایە داخراون.
ڕێگای ١٥٠ گوندی ئەو پارێزگایە داخراون و هەندێک گوندیش ئاو و گازیان نییە.
سەرەتای بەهاری ئەمساڵ چەندین پارێزگای کوردستان تووشی لافاو بوون و زیانێکی قورس بە خەڵک گەیشت کە هەتا ئێستاش قەرەبوو نەکراوەتەوە. هاتنی دیسانەوەی لافاو دۆخی ژیانی خەڵک لەو پارێزگایانە دژوارتر دەکات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە