نێچیرڤان بارزانى سهرۆكى حكوومهتى ههرێم، وهك جێگرى سهرۆكى پارتى پهیامێكى بڵاوكردهوهو داوا له لایهنهكان کردووە، ناكۆكییهكان وهلا بنێن و له پێناو بهرژهوهندى گهلى كوردستان ئامادهى دانیشتن بن، تا كارنامهیهكى هاوبهش دابنێن.
ئهمهش دهقى پهیامهكهیە..
جەماوەری خۆشهویست و تێكۆشەری پارتى،
ئەم سەركەوتنە سهرهتا له خانهوادهى سهربهرزى شههیدان و له پێشمهرگه قارهمانهكان، ئینجا لە هەموو ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان و تێكڕاى گهلى كوردستان پیرۆز دەكەم. ئەم سەركەوتنە دیموكراسییە گەورەیە لەو بارودۆخە هەستیارەدا بۆ پارتی زۆر واتادارە. بەرهەمی خەباتی پارتی و بەرگریی پارتییە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئامانجەكانی گەلی كوردستان و بەرهەمی خەباتی بەردەوامی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی یە لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستاندا.
لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، مەكتەبی سیاسی، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، ئهنجوومهنهكانى سهركردایهتیى پارتى له پارێزگاكان، مەكتەبەكانی پارتی، ڕێكخراوه جهماوهرى و پیشهییهكان، هەموو ئەو هەڤاڵانەی سەرپەرشتیی كەمپینەكانی هەڵبژاردنیان دەكرد لە پارێزگاكاندا، هەموو لق و ناوچە و ڕێكخراو و بنكهكەكان، ئەوپەڕی چالاكییان نواند بۆ سەرخستنی لیستی پارتیمان. كار و خەباتی هەموویان و ئەرككێشانی هەموو دەنگدەرانی پارتی، جێگەی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینه. لە هەمان كاتدا ڕۆڵی ڕاگەیاندنی پارتیمان و چالاكیی گەنجانی پارتی لە هەموو بوارەكان و شێوازەكانی تازەی كاركردن لەپێناو سەرخستنی لیستی پارتیدا، بەرز دەنرخێنین. هەموو كاندیدەكانی لیستی 184ی پارتی و كاركردن و هەوڵ و ماندووبوونیان، جێگەی ڕێزی بەردەوامى سەركردایەتیی پارتین.
سوپاسى تهواوى خهڵكى كوردستان دهكهم كه بهشدارییهكى گهورهیان لهسهر ئاستى عێراق تۆمار كرد و مافى دیموكراسیانهى خۆیان بهكار هێنا، ههروهها سوپاسى ههموو دامودهزگا حكوومییه پهیوهندارهكانى ههرێمى كوردستان، بهتایبهتى دهزگا ئهمنییهكان دهكهم كه له بهڕێوهچوونى ئارام و سهركهوتووانهى پرۆسهى ههڵبژاردندا، ڕۆڵێكى گهورهیان گێڕا.
لەو باوەڕەداین كە هەموو بەرپرس و ئۆرگانەكان و ئەندامانی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە هێزوەرگرتن لەو سەركەوتنە تازەیە، كارێكی زۆرتر دەكەن بۆ سەركەوتنی گەورەتری پارتی. خەباتی پارتی و درێژەپێدانی ڕێبازی بارزانیی نەمر و پابەندبوونی بەردەوامی بە ئامانجە پیرۆزەكانی گەلی كوردستانهوه، هەمیشە وزەیەكی نوێی خەباتكردن دەداتە ئەندامان و جەماوەری پارتی.
نوێنەرە سەركەوتووەكانی پارتی وەك هەمیشە پابەند دەبن بە خەونەكانی شەهیدان و ئامانجەكانمان و بەرگریكاری دڵسۆز دەبن لە بەرژەوەندییەكانی هەموو گەلی كوردستان و بەرگری لە مافەكانی هەموو خەڵكی عێراق دەكەن لە پەرلەمانی عێراقدا.
كوردستانیانی خۆشەویست،
هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی میللی، دوای بەخشینی شەهیدێكی زۆر و كارەساتی زۆری شەڕ و دوای ماوەیەكی كەم لە شكستپێهێنان و هەڵوەشاندنەوەی هەوڵ و هێرشەكانی نەهێشتنی قەوارەی سیاسی و ئیداریی هەرێمی كوردستان، توانی بە ئارامییەكی زۆرهوه، سەركەوتووانە پرۆسەی گەورەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدات، ئەوەش نیشانەی هۆشیاری و بەرزیی هەستی نیشتمانیی خەڵكی كوردستانە.
ئێمە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی گەلی كوردستانەوە، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین هەموو ناكۆكییە ناوخۆییەكان وەلاوە بنێن و لەپێناو دابینكردنی بەرژەوەندی و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، ئامادە بن بۆ دانیشتن و گفتوگۆ بەمەبەستی دانانی كارنامەیەكی هاوبەش لەپێناو بەشدارییەكی بەهێزی كوردستان لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا. پارتی بۆ ئەم مەبەستە لە ئێستاوە ئامادەیە بۆ هەموو گفتوگۆ و كارێكی هاوبەش.
گەلی خۆشەویستی عێراق،
پیرۆزباییی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقتان لێدەكەم، هیوادارین ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە ببنە مایەی دروستبوونی پەرلەمان و حكوومەتێكی تازەی ئەوتۆ لە عێراقدا كە دەستوور جێبەجێ بكات و خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان دابین بكات و هەموو ئەو مافانەی هاووڵاتیانی عێراق كە لە دەستووردا هاتوون، دابین بكات. ئومێدەوارین ئەو هەڵبژاردنە ببێتەوە سەرەتایەك بۆ دروستكردنەوەیەكی نیشتمانیانەی هەموو دەزگا دەوڵەتی و حكوومییەكانی عێراق كە ڕەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بن.
ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆكردنێكی بنیاتنەرانە لەسەر بنچینەی دەستوور بۆ دروستكردنی حكوومەتێكی هاوبەش كە تەوافوق و شهراكهت و پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكاتە بنچینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و كاروباری عێراق، بەو شێوەیەش دەتوانین هەموو كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراق چارەسەر بكەین.
نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
19/5/2018
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە