پەیامی کورد... زێلێنسکی داوای چەکی زیاتر لە هاوپەیمانان دەکات
سەرۆکی ئۆکراینا ڤلادیمیر زێلێنسکی داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد چەکی زیاتر بدەن بە ئۆکراینا تاوەکوو بتوانن کۆتایی بە گەمارۆدانەکەی شاری ماریوپۆڵ بهێنن و هێرشە پێشبینی کراوەکەی ڕووسیاش لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا دوور بخەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەواڵی نوێ هەن لەسەر کاری دڕندانە و لاقەکردن دژی هاووڵاتییانی مەدەنی ئۆکراینا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە.
دەزگای هەواڵگری سەربازیی بەریتانیاش دەڵێت شەڕ و پێکدادانەکان لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا زیاتر دەبن لە کاتێکدا ڕووسیا سەنگی خستووەتە سەر هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا.
دەزگای هەواڵگری سەربازیی بەریتانیا دەڵێت هێرشەکانی ڕووسیا سەنگ دەخەنە سەر شوێنی ئۆکراینییەکان لە نزیک هەرێمی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرایناوە و شەڕ و پێکدادانی زیاتر لە خێرسۆن و میکۆلایڤ ڕوو دەدەن، هەروەها هێزەکانی ڕووسیا هەوڵێکی نوێ دەدەن بۆ گرتنی کراماتۆرسک.
وتیشی هێزەکانی ڕووسیا بەردەوامن لە کشانەوە لە بێلاڕووس و دووبارە ڕەوانە دەکرێنەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئەرکە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا.
ئۆکراینا داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد چەکی زیاتر بدەن بە ئۆکراینا تاوەکوو بتوانن کۆتایی بە گەمارۆدانەکەی شاری ماریوپۆڵ بدەن و هێرشە پێشبینی کراوەکەی ڕووسیاش لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا دوور بخەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەواڵی نوێ هەن لەسەر کاری دڕندانە و لاقەکردن دژی هاووڵاتییانی مەدەنی ئۆکراینا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە.
سەرۆکی ئۆکراینا ڤلادیمیر زێلێنسکی لە وتارێکدا وتی ڕووسیا ڕەنگە پەنا بباتە بەر بەکارهێنانی چەکی ناوەکی، لە کاتێکدا هێزەکانی لە هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆ کردووەتەوە، ئەوەش لەپێناو ئەنجامدانی هێرشێکی نوێدا بۆ سەر شاری ماریوپۆڵ.
زێلێنسکی وتی " کاتێک باس لە چەکە پێویستەکان دەکرێت، ئێمە هێشتا پشت بە یارمەتییەکان و هاوبەشەکانمان دەبەستین. بەداخەوە ئەوەندە چەکمان بەدەست ناگات کە پێویستمانە بۆ ئەوەی بەخێرایی کۆتایی بەم جەنگە بهێنین، بەتایبەتی بۆ لابردنی گەمارۆکەی سەر ماریوپۆڵ."
دوابەدوای ئەوەی زیانێکی گەورەی لێکەوتەوە و هێزەکانی لە شارۆچکەکانی دەوروبەری کیێڤی پایتەخت کشاندەوە، ڕووسیا چاوی خستووەتە سەر هەرێمی دۆنباس، داوا دەکات ئۆکراینا هەرێمی دۆنباس ڕادەستی جیاخوازەکان بکات. گرتنی ماریوپۆڵیش ڕێگە خۆش دەکات لەبەردەم هێزەکانی ڕووسیادا تاوەکوو هێزە سەرەکییەکانی ئۆکراینا لە ڕۆژهەڵات گەمارۆ بدەن.
دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە دەوروبەری کیێڤ کشانەوە، کۆمەڵێک تۆمەتی تاوانی جەنگ ئاراستەی ڕووسیا کراون، لەوانەش کوشتن و لاقەکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی. مۆسکۆش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە