PeyamaKurd - ئاکسیووس : هەواڵگری ئەمریکا گومانی لە ئێران هەیە
بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی ئاكسیووس كە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاوی كردووەتەوە، جۆن راتکلیف، بەڕێوبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی (CIA) گومانی جددی لای ترامپ و بەرپرسانی باڵا لەبارەی ئامادەیی تاران بۆ پێشکەش کردنی سازشی ئەتۆمی دەربڕیوە.
راتکلیف ئاماژەی بەوە کردووە، زانیارییە هەواڵگرییەکان نیشانی دەدەن جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوەی بەرپرسانی ئێران لە ناوخۆدا دەیڵێن لەگەڵ ئەو پەیامانەی دەیدەنە نێوەندگیرەکان.
لە ناو ئیدارەکەدا، مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوە و پیت هیگسێت وەزیری بەرگری تێبینییان لەسەر ڕێککەوتنەکە هەیە، بەڵام لە بەرامبەردا جی دی ڤەنس جێگری سەرۆک و هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر پشتگیری لە بەردەوامبوونی پڕۆسەکە دەکەن.
مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە:
یاداشتنامەکە پشت بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی وردتر دەبەستێت لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا. بەپێی بەندەکان، ئێران پابەند دەبێت بە ڕاگرتنی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە ماوەی دانووستاندا، ئەمریکا سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزی زیادە لە ناوچەکەدا بڵاو ناکاتەوە، گەرووی هورمز بە شێوەیەکی پلەبەندی دەکرێتەوە، ئێران بۆ ٦٠ ڕۆژ ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان دەدات بەبێ باج، ئەمریکاش لە بەرامبەردا لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا گەمارۆوە دەریایی یەکانی لادەبات.
بڕیارە ڕۆژی هەینی، هەریەکە لە ڤانس، ڤیتکاف و کوشنەر لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو ووڵاتە کۆببنەوە. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی نێوەندگیرانی پاکستان و قەتەر دەبێت بۆ تاوتوێ کردنی قۆناغی داهاتوو.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ترامپ گوێی لە هەموو بۆچوونەکان گرتووە، بەڵام خۆی بڕیاردەری کۆتاییە.
جەختیشی کردەوە، هێڵە سوورەکانی واشینتۆن بریتین لە ڕێگریکردن لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پاراستنی دابین کردنی وزەی جیهانی. هەر ئاسانکارییەکی دارایی بۆ ئێران بەستراوەتەوە بە هەنگاوی کردەیی و بەرجەستەی تاران.