PeyamaKurd - ئەمریکا پاداشتی ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی تەرخان کرد
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە، ڕاگەیاندنی پاداشتێکی نوێی تا بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەست نیشان کردنی شوێنی حەیدەر مەزهەر، ناسراو بە حەیدەر غەراوی، سەرۆکی "ئەنسارۆڵڵای ئەوفیا" ڕاگەیاند.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە غەراوی سەرکردایەتیی گرووپێک دەکات کە واشینتۆن تۆمەتباریان دەکات بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و تێوەگلان لە کوشتنی مەدەنییە عراقییەکان و سەربازانی ئەمریکی. هەروەها دەڵێت: "هاوکارمان بن لە ڕاگرتنی ئەم تیرۆریستە.. زانیاری بنێرن".
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی ئەمریکادایە بۆ بەئامانجگرتنی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق؛ بەجۆرێک کە هەینی ڕابردووش واشنتن پاداشتێکی هاوشێوەی بە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار لە بەرامبەر زانیاری دەربارەی هاشم فینیان ڕەحیم سەراجی، ناسراو بە ئەبوو ئالا وەلائی، سەرۆکی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە عێراق ڕاگەیاند.