PeyamaKurd - ئەمریکا پاداشتی ١٥ ملیۆن دۆلار بۆ زانیاری لەسەر تۆڕە دارایی یەکانی سوپای پاسداران دیاری دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەک دا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لە چوارچێوەی بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری وەزارەتەکە "پاداشتی ١٥ ملیۆن دۆلار" پێشکەش دەکات بۆ هەر کەسێک کە زانیاری لەسەر تۆڕە دارایی یەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بدات.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە "سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و لقەکانی، سوپای قودسی سوپای پاسداران و فەرماندەیی سایبری و ئەلێکترۆنی سوپای پاسداران، چالاکییە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری جیهان بەڕێوە دەبەن و پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن."
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "سوپا بۆ دابین کردنی بوودجەی چالاکییەکانی چەندین شێوازی دارایی جۆراوجۆر بەکاردەهێنێت."
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەگەر زانیاریت هەیە لەسەر تۆڕی دارایی سوپای پاسداران، دەتوانیت زانیاریەکانت پێشکەشی وەزارەتەکە بکەیت و لەوانەیە شایستەی خەڵات و تەنانەت گواستنەوەش بیت بۆ شوێنێکی سەلامەت و پارێزراو."