PeyamaKurd - ترامپ : ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ووڵاتەکەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە قۆناغێکی نوێیەوە
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن ئێن" ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ووڵاتەکەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە قۆناغێکی نوێیەوە و جەختی کردەوە کە "هێرشە قورس و سەرەکییەکان هێشتا دەستیان پێ نەکردووە و بەم زووانە دەست پێ دەکەن."
ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا پلانی هەیە هاوکاری گەلانی ئێران بکات بۆ وەرگرتنەوەی ووڵاتەکەیان لە دەستی دەسەڵاتدارانی ئێستا، بەڵام لە ئێستادا داوای لە خەڵک کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە، چوونکە دۆخی دەرەوە سەلامەت نییە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە تا ئێستا ٤٩ کەس لە بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەنجامی هێرشەکان دا کوژراون.
سەبارەت بە تێوەگلانی ووڵاتانی تری ناوچەکە، ترامپ ووتی کە سەرەتا بڕیار بوو شەڕەکە سنووردار بێت، بەڵام ئێستا هەندێک لە ووڵاتانی ناوچەکە پێداگری دەکەن کە بچنە ناو مەیدانی شەڕەکەوە.