PeyamaKurd - ترامپ بابەتێک سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاودەکاتەوە
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ووتارێکی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی لەسەر سەرکوت کردنی خۆپیشاندەران و زیادبوونی بەربڵاوی گێچەڵی سێکسی لە زیندانەکانی ئێران لە کاتی ئاگربەست دا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیال بڵاوکردەوە.
ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست کە لە مانگی چوار بڵاوکراوەتەوە، بە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ و شایەتحاڵەکان، دۆخی خراپی مافی مرۆڤی ناوخۆی ئێران وێنا دەکات و باس لە زیادبوونی سەرکوت کردن، دەست بەسەرکردنی بەربڵاو، داخستنی پەیوەندییەکان، لەسێدارەدانەکان و گێچەڵی سێکسی بۆ سەر زیندانیانی سیاسی و خۆپیشاندەرانی دەست بەسەرکراو بە تایبەتی ژنان و کچانی گەنج دەکات.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە گێڕانەوەی چەند ژنێکی دەست بەسەرکراو دەکات کە وتوویانە لە ماوەی لێکۆڵینەوەدا تووشی ئەشکەنجە و گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە. یەکێک لەو ژنانە وتوویەتی دوای ئەوەی ڕازی نەبووە دان پێدانانی زۆرەملێی بکات، کاربەدەستانی ئەمنی بە باتۆم دەستدرێژییان کردوووەتە سەر.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ووتارەدا، ئاماژە بە دۆخی نەرگس موحەمەدی، خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، کراوە کە بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان لە زیندان لە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان بێ بەش کراوە. هەروەها نیگەرانییەکان دەربارەی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران و چالاکوانانی ژن زیاد بووە.
شایانی باسە ترامپ لە پۆستەکەی خۆی دا وێنەی سێ زیندانی ژن، ووریشە موردای، پەخشان عەزیزی و شەریفە موحەممەدی بڵاو کردووەتەوە کە هەر سێ لە زیندانەکانی ئێران لە دۆخێکی نالەباردا بەسەر دەبەن.
پەخشان عەزیزی، ووریشە مورادی و شەریفە محەممەدی بە تۆمەتی ئەندام بوون لە گرووپە چەکدارەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەمیشەیی یان بەسەردا سەپێندراوە. تۆمەتێک کە ئەوان و پارێزەرەکانیان بە تووندی ڕەتیان کردووەتەوە.