PeyamaKurd - ترامپ : گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن
سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ، "دەبیستم کە دانووستاندنەکان لەگەڵ ئێران زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن. ئەگەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکرێت، دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بێت."
بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی نەدا بە گەیشتن بەو ڕێککەوتنە، چوونکە "دەکرێت هەر شتێک ڕووبدات کاتێک لەگەڵ ئێران مامەڵە دەکەیت."
ترامپ جەختی لەسەر دەرهێنان و گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە كردەوە.
لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، ڕایگەیاند "دەتوانین دوو بۆ سێ هەفتەی تر بڕۆین و هەموویان لەناو بەرین. بەڵام ئەگەر بتوانین شتێک بە نووسین بەدەست بهێنین کە هەمان ئامانجمان بۆ دەستەبەر بکات بەبێ کوشتنی هەموویان، من ئارەزووی ئەوە دەكەم."
سەبارەت بە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر کووەیت، سەرۆکی ئەمریکا ڕەتی کردەوە ئاگربەستی شەڕ کۆتایی هاتبێت و ڕایگەیاند، "لەو بەشەی جیهان، ئاگربەست ئەو کاتەیە کە هێرشەکان بە ڕێژەیەکی کەم بەردەوام دەبن."
ووتیشی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کوەیت لە ووڵامی چەند هێرشێکی ئەمریکاوە بووە، بەو پێیەی "بە هۆکارێکی تر" ئەمەریکا لە چەند شەوی ڕابردوودا "زۆر بە تووندی" چەند ئامانجێکی ڕژێمی کردە ئامانج. لە بەرامبەردا، "ئێران شتێکی زۆر گرینگی ئەنجام نەدا."
سەبارەت بە بەردەوامی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەو پێی وایە پرسی ئێران و لوبنان دوو بابەتی جیاوازن و کێشەی ئێران "جیهانییە."
ترامپ ئاماژەی دا بە ئەنجامدانی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی حیزبۆڵا و ڕایگەیاند، " لە ڕاستی دا بۆ یەکەم جار گفتوگۆمان لەگەڵ حیزبۆڵڵا کرد. نەماندەزانی ئەوان گفتوگۆ دەکەن."
ترامپ ڕایگەیاند بەرپرسانی حیزبۆڵڵا
و ئیسرائیل داوای ئەمریکایان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان قبووڵ كردووە.