PeyamaKurd - جەی دی ڤەنس : ئەگەر تاران پابەندی بەڵێنەکان نەبێت دەست پێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان حەتمی یە
جەی دی ڤەنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر تاران پابەندی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دا نەبێت، دۆناڵد ترامپ لە دەست پێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دوودڵ نابێت.
ھەرەەھا ئاماژەی بەوە کرد ووڵاتانی کەندئاو سەرەڕای بینینی دەرفەتی سەقامگیری، هێشتا بە گومانەوە دەڕواننە ڕێژیمی ئێران چوونکە ڕەفتارەکانی پێشبینی ناکرێت.
جەی دی ڤەنس جەختی کردەوە لە ئەگەری جێ بەجێ نەکردنی بەڵێنەکاندا، تاران هەموو ئێمتیازەکان لەدەست دەدات و ئابوورییەکەی لە دۆخێکی زۆر سەخت دا دەمێنێتەوە.
ناوبراو ووتی : "هەموو کارتەکان لە دەستی ئێمەدایە. ئەگەر ئەوان بەڵێنەکانیان پێشێل بکەن، بژاردەی ترامپ دەکرێت گەڕانەوە بۆ دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان یان سەپاندنەوەی گەمارۆ و گۆشەگیری تووند بێت؛ ترامپ لەم کارەدا هەرگیز دوودڵ نابێت."
جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆتایی دا ڕوونی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ترامپ، گۆڕینی ڕێژیمی ئێران نییە، بەڵکوو دەیەوێت تاران کۆتایی بە ڕەفتارە نائاسایی یەکانی بهێنێت و وەک دەوڵەتێکی ئاسایی لە جیهان دا ڕەفتار بکات.