PeyamaKurd - دوو ئەندامی حەماس لە باکووری غەززە کوژران
دوو ئەندامی حەماس لە باکووری غەززە کوژران؛ سوپای ئیسرائیل دەڵێت، پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر هێزەکانیان
سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند، ئەحمەد مونیر خەلیل زازا و حاسین سەفدی، لە ئەندامانی حەماس، لە دوو هێرشی جیاوازدا لە باکووری کەرتی غەززە کوژراون.
بەگوێرەی ڕاگەێندراوی ووتەبێژی سوپای ئیسرائیل، زازا بەرپرسی ئەندازیاری کەتیبەی جەبالیای ڕۆژئاوا لە ناوچەی شاری غەززە بووە و لە درووستکردن و گواستنەوەی چەک و ئامادەکردنی بۆمبەكان و بۆمب دانانەوە لە ماڵەکاندا ڕۆڵی ھەبووە. سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەێنێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلانی دانانی مادەی تەقینەوەی لە نزیک هێڵی زەرد ھەبووە بۆ بە ئامانج گرتنی ئەو هێزانەی ئیسرائیل کە لەو ناوچەیە چالاکی دەکەن.
لە هێرشێکی دیکەدا حاسین سەفدی فەرماندەی یەکەیەکی قەناس بەدەستەکانی حەماس لە شاری غەززە کرایە ئامانج. بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل، سەفدی بەرپرسی ئاراستەکردنی ڕێڕەوی قەناس بەدەستەکان بووە لە دژی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچەیە لە کاتی شەڕدا.