PeyamaKurd - عێراقچی : لەژێر سێبەری هەڕەشەکانی ترامپ دا هیچ دانووستانێک ئەنجام نادەین
وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند؛ ووڵاتەکەی ئامادە نییە دەست بە دانووستان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکا بکات، ئەگەر هەڕەشەکانی واشینتۆن بەردەوام بن.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، سێشەممە، لە پۆستێک دا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بۆ بەرپرسانی ئەمریکا نووسیویەتی: "ئەگەر هەڕەشەکان بەردەوام بن، دانووستانەکان دەربارەی ڕێککەوتنی کۆتایی دەست پێناکات. رێز لە واژوووەکەتان بگرن.".
ڕۆژی ڕابردوو دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند : "واشینتۆن یان دەگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران یان ئەرکەکە تەواو دەکات". ترامپ لە لێدوانێکی ڕاشکاوانەدا ووتی : "یان دەگەینە ڕێککەوتن یان کۆتایی بە ئەرکەکە دەهێنین، تەواوکردنی ئەرکەکەش کارێکی قورس نابێت. بێ گومان من ڕێککەوتنم پێ باشترە، چوونکە نامەوێت کاریگەری بکەمە سەر ژیانی ٩١ ملیۆن کەس."
ترامپ هەروەها هەڕەشەی وێران کردنی ژێرخانی ئێرانی کرد و ووتی : "دەتوانین لە ماوەی یەک کاتژمێردا پردەکانیان بڕووخێنین و سەرچاوەکانی ووزەیان ببڕین، ئەوان ئێستا هیچ پارەیەکیان نییە."