PeyamaKurd - ناتانیاهوو : لە باشووری لوبنان دەمێنینەوە و ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان تاوەکوو ئەو کاتەی پێویست بێت، لە باشووری لوبنان بۆ پاراستنی ئاسایشی ووڵاتەکەیان دەمێننەوە.
ناتانیاهوو هەروەها بەڵێنی دا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، تەنانەت ئەگەر گۆڕانکاریی سیاسییش لە ناوچەکەدا ڕووبدات.
ڕۆژی یەکشەممە، ناتانیاهوو ووتی، ئیسرائیل لەو ناوچە تەناهییەی لە باشووری لوبنان درووستی کردووە، دەمێنێتەوە: "ئێمە سەرکەوتنی گرینگمان بەدەست هێناوە و دەست بەرداریان نابین. لە ناوچەی 'پشتێنەی ئەمنی' لەباشووری لوبنان دەمێنینەوە تاوەکوو ئەو کاتەی پاراستنی هەموو هاووڵاتییانی ئیسرائیل ئەوە بخوازێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد هیچ شتێک ناتوانێت ئەم بڕیارە بگۆڕێت و چی دیکە پاشەکشە ناکەن.
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەڵوێستێکی تووندی نیشان دا و ووتی : "تاوەکوو ئەو کاتەی من وەک سەرۆکوەزیران لەسەر کار بم، ڕێگە نادەم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."