PeyamaKurd - وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل : ئەرکی ئیسرائیل گۆڕینی ڕژیمی ئێران نییە
"گیدئون ساعر"، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ میدیای "دی ڤێڵت"ی ئاڵمانی ڕایگەیاند، کە داهاتوو و چارەنووسی سیاسی ئێران تەنیا گەلان و خەڵکی ئەو ووڵاتە بڕیاری لەسەر دەدەن و ئەرکی ئیسرائیل نییە ڕێژیم بگۆڕێت.
ساعر ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی بە تووندی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی کردووە و بەهۆی کوژران و دەست بەسەرکرانی دەیان هەزار کەس، ئێستا بۆ خەڵک دژوارە بێنەوە سەر شەقام، بەڵام جەختی کردەوە کە "حکوومەتە ستەمکارەکان بۆ هەتاهەتایە نامێننەوە و ئێران بەرەو قەیرانێکی گەورەی ئابووری هەنگاو دەنێت".
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەش، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتی: "ئێمە پاڵپشتی لە هەوڵە دیپڵۆماسییەکانی دۆناڵد ترامپ دەکەین، بەو مەرجەی ئێران تەواوی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە وڵات بباتە دەرەوە و چیتر پیتاندن ئەنجام نەدات".