PeyamaKurd - ڕۆیتەرز : هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرگری کردن لە خۆیان، ئۆپراسیۆنێکیان لە باشووری ئێران ئەنجام داوە
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە کەناڵی فۆکس نیووز بڵاویکردووەتەوە هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان ئۆپەراسیۆنێکیان لە باشووری ئێران ئەنجام داوە.
جێنیفر گریفین، پەیامنێری فۆکس نیوز شەوی دووشەممە، بە کاتی واشینتۆن ڕایگەیاند، تیم هۆکینز ووتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، بەو کەناڵەی ڕاگەیاندووە هێزەکانی ئەمریکا لە ووڵامی هەڕەشەی هێزەکانی ئێران، هێرشی بەرگرییان لە باشووری ئێران ئەنجام داوە.
ووتەبێژەکە هەروەها بەو کەناڵەی ڕاگەیاندووە ئەو ئامانجانەی هێرشیان کراوەتە سەر شوێنی هەڵدانی مووشەک و بەلەمەکانی کۆماری ئیسلامی بوون کە "هەوڵی چاندنی مین"یان داوە.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی تابناک کە سەر بە حکوومەتی ئێران ە لە ڕاپۆرتێکی هەواڵی دا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە دوو بەلەمی خێرای سوپای پاسداران بە هێرشێکی ئاسمانی کراونەتە ئامانج و ناوی چوار کەسیشی وەک کوژراوی هێرشەکان بڵاوکردووەتەوە.