PeyamaKurd - گەشتی مێژوویی ماکرۆن بۆ سووریا ؛ واژووکردنی دەفتەری میوانانی مزگەوتی ئومەوی لە تەنیشت ئەحمەد شەرع
ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕۆژی دووشەممە ٦ی ژوئن ٢٠٢٦ گەیشتە دیمەشق؛ گەشتێک کە بە یەکەم سەردانی سەرۆکی دەوڵەتێكی ئەورووپی بۆ سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠٢٤ وەسف دەكرێت.
ماکرۆن لە پەیامێکدا لە ئێکس نووسیویەتی، هاتووەتە دیمەشق بۆ ئەوەی پابەندبوونی فەرەنسا بە گەلی سووریا و پشتیوانی لە "سووریایەکی سەربەخۆ، یەکگرتوو لە هەمەجۆری و ئاشتی لەگەڵ دراوسێیەکانی" ڕابگەێنێت و خوازیاری دەست پێکردنی لاپەڕەیەکی نوێی سەقامگیری و ئاشتی بوو.
ھاوكات لەگەڵ سەردانەکەی ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بۆ دیمەشق، چەندین تەقینەوە لە نزیک هۆتێلی فۆڕسیزنز ڕوویان دا، کە میدیاکانی سووریا دەڵێن ئەو شوێنە بووە کە ماکرۆن لە کاتی گەشتەکەدا لێی ماوەتەوە.
ئەلحەدەس بڵاویکردەوە، دوو بۆمبی درووست کراو لەناو سەبەتەی زبڵ دا دانراون و بەهۆیەوە سێ سووری گیانیان لە دەست داوە. تا ئێستا ژمارەی کوژراوەکان لەلایەن بەرپرسانی سووریا و سەرچاوە نێودەوڵەتییە سەربەخۆکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
کۆشکی ئەلیزە لە فەرەنسا ڕایگەیاندووە کە ماکرۆن لەکاتی ڕوودانی تەقینەوەکان گوێی لە تەقینەوەکان نەبووە، بەو پێیەی لە ڕێگادا بووە بۆ دیدار لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە کۆشکی سەرۆکایەتی دا. ئەلیزە هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ماکرۆن سەلامەتە و گەشتەکەی بۆ دیمەشق بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک بەردەوامە.