گەمارۆی نوێی ئەمریكا بۆسەر ئێران 

گەمارۆی نوێی ئەمریكا بۆسەر ئێران 

PeyamaKurd - گەمارۆی نوێی ئەمریكا بۆسەر ئێران 

نووسینگەی کۆنترۆڵ کردنی دارایی یە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ڕایگەیاند، سێ نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی و كۆمپانیاكانی سەر بەوان، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئەم وەزارەتخانەیە بۆ پەک خستنی ڕێڕەوە دارایییەکانی ڕێژیمی ئێران، خرانە لیستی گەمارۆوەکانەوە.

ئەم نووسینگەیە دەڵێت نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی ساڵانە ئاسانکاری بۆ میلیاردها دۆلار مامەڵەی دراو دەکەن و لەبەر ئەوەی ئێران زۆربەی فرۆشی نەوتەکەی بە "یووئانی چینی" ئەنجام دەدات، ئەم نووسینگانە ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە لە گۆڕینی داهاتە نەوتییەکان بۆ ئەو دراوانەی کە بۆ هێزەکانی ئێران و گرووپە بەوەكالەتەكانی بەکارهێنانیان ئاسانترە.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، لە بەیاننامەیەک دا ئێرانی بە "سەری ماری تێرۆری جیهانی" ناو برد و ڕایگەیاند کە ئەم وەزارەتخانەیە لە چوارچێوەی فەرمانەکانی دۆناڵد ترامپ دا، "بۆ بڕینی ڕێڕەوە دارایی یەکانی هێزەکانی ئێران بە تووندی کار دەکات ".