PeyamaKurd - سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و دۆخی گشتی عێراق و دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران. ھەروەھا جەخت لە پێویستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە.
دووشەممە ١٥ـی حوزەیران، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای تاوتوێ کردنی دۆخی گشتی عێراق و دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە، جەخت لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو کردەوە.
ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی پشتیوانیکردنی حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و ڕووبەڕبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان. لەمبارەیەوە باڵیۆزی بەریتانیا سەردانی مانگی ڕابردووی سەرۆکی حکوومەتی بۆ بەغدا بەرز نرخاند و بە سەرکەوتووی ناوبرد بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، جەخت لە پێویستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی گرینگی یاسادانان کرد بۆ کۆتایی ھێنان بە چەق بەستوویی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان.
