پەیامی کورد ... حکوومەت سەبارەت بە چاکسازییەکان راپۆرتێک ئاراستەی پەرلەمان دەکات
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ھەنگاوی زۆر باشی ناوە، بڕیاریشە لەبارەی ئەو ھەنگاوانەی ناویەتی، راپۆرتێک ئاراستەی پەرلەمان بکات.
مۆنا قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی چەند لیژنەیەکەوە چاودێریی پرۆسەی چاکسازی دەکات و، حکوومەتیش چەند پەیڕەوێکی دەرکردبوو، کە بەپێی ئەو پەیڕەوانە کاری خۆیان دەکەن و ھەنگاوی باشیان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە ناوە، ئەگەر کۆرۆناش نەبووایە، کاری زۆر باشتر دەکرا بە تایبەت لە مووچەی خانەنشینی و مووچەکانی دیکەی نایاسایی، بەڵام لەبەر ئەو ڤیرووسە پرۆسەکە ھەندێک دواکەوت.
قەھوەچی ووتیشی: "لە مانگی ٧ی ئەمساڵدا حکوومەت دەستی بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردووە و بڕیارە حکوومەتیش راپۆرتێک لەبارەی ھەنگاوەکانیان ئامادە بکەن و ئاراستەی پەرلەمانی بکەن، کە دواتر ئێمەش دانیشتنێکی لەبارەوە دەکەین".
دەشڵێ: "وەکوو پەرلەمان کە یاساکە لەوێوە دەرچووە، بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی یاسای چاکسازی تاوەکو بە تەواوەتی جێبەجێ دەکرێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە