پەیامی کورد... تورکیا دەیەوێت دۆسیەی دادگایی خاشقچی ڕادەستی سعوودیە بکات
بڕیارە ئەمڕۆ تورکیا قۆناغی کۆتایی دادگایی 26 گومانلێکراوی نا ئامادەبوو پەیوەندیدار بە کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعوودی لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئەستەنبوڵ ئەنجام بدات، بەر لە ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ ڕیاز.
داواکاری گشتیی تورکیا لەمیانەی دانیشتنی دوێنێی چاوخشاندن بە دۆسیەکەی خاشقچی داواکارییەکی دووپاتکردەوە دەربارەی ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ سعوودیە لەڕێی دەرکردنی بڕیارێک بە وەستاندنی دۆسیەکە، دوای ئەوەی نووسینگەی داواکاری گشتیی سعوودیە داوایەکی لەو جۆرەی پێشکەشکردووە.
بەو هۆیەوە دادگاکە دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ دواخست و داوای کرد وەزارەتی داد ڕای خۆی لەبارەی ناردنی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ 26 تۆمەتبارەکە بۆ سعوودیە دەرببڕێت.
بەڵام هیومان ڕایتس وۆچ ئیدانەی ئەنقەرەی کرد و ڕایگەیاند، بڕیارەکە سنوورێک دادەنێت بۆ هەر ئەگەرێکی هێنانەدی دادپەروەری، ئەو باوەڕە باوەش لای دەسەڵاتدارانی سعوودی دەچەسپێنێت کە دەتوانێت کوشتن ئەنجام بدات و لە سزا دەربازی ببێت.
هاوکات ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، کە ئەنیس کالامار-ی ئەمیندارە گشتییەکەی لە ساڵی 2019دا لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوی کوشتنەکە کرد کاتێک بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، بەتوندی ئیدانەی بڕیارەکەی حکومەتی تورکیای کرد و وتی، «تورکیا بەوپەڕی زانیاری خۆی و بەشێوەی خۆبەخشانە (دۆسیەکە) دەخاتە دەستی ئەوانەی بەرپرسیارێتییەکەی (کوشتنی خاشقچی) هەڵدەگرن».
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە