پەیامی کورد ... حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی سووتانی ئاڵای کوردستان شەرمەزار دەکات
لە راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم لەبارەی سووتانی لقی پارتی لە بەغدا و بێ رێزێکردن بە ئاڵای کوردستان هاتووە، هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لە لایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبۆلەكانی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە.
دەقی راگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەی خوارەوەیە؛
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تووندى سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شەرمەزار دەكات.
هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لە لایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبۆلەكانی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە.
پێویستە حكومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا وهەر شارێکی دیکە لە هێرشی هەر گرووپێکی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مافی خۆی دەزانێت هەموو رێوشوێنێكی یاسایی و رێگەپێدراو بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دەستكەوتەكانی و ڕێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بگرێتەبەر.
داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكەین، رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر وهێرشکاران بە سزای خۆیان بگەیەنن تا ئەم جۆرە کردەوە دزێوانە دووبارە نەبنەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان 2020/10/17
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە