پەیامی کورد ... حیزبەكانی كوردستان لە دانووستان و رێككەوتندان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چاودێرێكی سیاسییش دەڵێ، پێویستە حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بگەنە رێككەوتن و بەرژەوەندییەكانی خەڵك لە بەرچاو بگرن، رێككەوتنی پارتی و یەكێتییش زەرورەتی دۆخی ووڵاتەكەمانە.
عارف قوربانی، چاودێری سیاسی، رایگەیاند: "دۆخی ئێستای كوردستان پێكەوەبوونی حیزبەكانی دەوێت، كە دەبێت ئەو حیزبانەی بەشداری لە حكوومەتدا دەكەن، رێككەوتن لە نێوانیاندا واژۆ بكرێت، هەروەها هەر حیزبەو لای خۆیەوە دەست بگرێت بە رێككەوتنەكەوە و جێبەجێ بكەن".
پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی 18ـی شوبات رێككەوتنی سیاسی نێوانیان واژۆ كرد، ئێستاش چاوەكان لەسەر رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتین، كە رەشنووسێكی 18 خاڵییان ئامادە كردووە بۆ رێككەوتن.
قوربانی لەو بارەیەوە گوتی: "رێككەوتنی سیاسی گرینگە، پێویستە ئەو لایەنانەی كە نیەتی بەشدارییان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە، پابەندی رێككەوتنەكەی نێوانیان بن بۆ چوار ساڵی داهاتوو".
لەبارەی گرینگی رێككەوتنی پارتی و یەكێتییەوە، ئەوچاودێرە هێما بۆ ئەوە دەكات: "رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی گرنگە بۆ ئاسایش و ئارامی ووڵاتەكەمان،كە ڕاستییەک هەیە تا ئێستاش تارمایی دووزۆنی ماوە، بۆیە دەبێت ئەو دوو حیزبە كە بەرپرسیارێت بەڕێوەبردنی هەرێمەكەمانیان لەسەرشانە، ڕێكبكەون".
سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، كە پاش رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 داگیر كراوە، ناوبراو گوتی: "هەمووان دەخوازین رەوشی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، كە ئێستا بە دەست تەعریب چییەكانەوەیە، دەبێت كورد بە گشتی و پارتی و یەكێتی بە تایبەتی، هەماهەنگی و رێككەوتن بكەن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو شارە و وەرگرتنەوەی پارێزگار".
عارف قوربانی هەروەها دەڵێ: "گۆڕانكاری گەورە لە ناوچەكەدا هەیە و لە مانگی چواری ئەمساڵدا پێوەندییەكانی ئەمەریكا و ئێران دەڕۆنە قۆناغێكی توندترەوە، ڕەوشەكەش وا دەخوازێت كورد بە یەكدەنگی و یەكگوتاری خۆی بۆ ئامادە بكات".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە